فەرهاد مەجیدی دەبێتەوە راهێنەری ئیستقلال

03-03-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فەرهاد مەجیدی ئیستقلال
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیستقلالی ئێرانی گفتوگۆکانی لەگەڵ فەرهاد مەجیدی، راهێنەری پێشووی یانەکەی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە راهێنەری یانەکە.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، گفتوگۆکانی نێوان ئیستقلال و مەجیدی هەنگاوی باشیان بڕیووە و نزیکن لەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، بۆ ئەوەی فەرهاد مەجیدی لە جێگەی مەحموود فکری ببێتە راهێنەری یانەکە.

چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا دەستەی کارگێڕیی یانە شین پۆشەکەی تاران کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی راهێنەری داهاتووی یانەکەوە بدەن.

بەپێی هەواڵی میدیای ئێران، شەوی رابردوودا هەوڵەکانی ئیستقلال بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ بەردەوامبوون، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ ناوی راهێنەری نوێی یانەکە ئاشکرابکرێت، کە هەریەکە لە ئەحمەد مەدادی و فەرهاد مەجیدی، بەربژێری سەرەکین بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و مەجیدی هەلی وەرگرتنی یانەکەی زیاترە.

هەوڵەکانی یانەی ئیستقلال بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لەم وەرزەی خولی ئێراندا، مەحموود فکری، راهێنەری یانەکە دەستیلەکارکێشایەوە.

فەرهاد مەجیدی ناوێکی دیاری تۆپی پێی ئێرانە، وەک یاریزان لە 1995 تاوەکو 2013 یارییکردووە و لە 1996 تاوەکو 2011 یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران بووە، کاروانی راهێنەرایەتیکردنی مەجیدی لە 2015 لە تیپی خوار 15 ساڵانی یانەی ئیسپانیۆلی ئیسپانی دەستیپێکرد کاتێک بووە یاریدەدەری راهێنەری ئەو یانەیە، پاشان بووەتە یاریدەدەری راهێنەری یانەی ئیستقلال، دوای ئەوەش لە 2019 بووەتە راهێنەری یانەکە، بەڵام هەر ئەو ساڵ تیپەکەی بەجێهێشت و بووە راهێنەری هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵانی ئێران، وەرزی 2019-2020 راهێنەری یانەی ئیستقلال بوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامەکانی دوورخرایەوە.

ساڵی 2020 فەرهاد مەجیدی کە ئەو کات راهێنەری یانەی ئیستقلال بوو لەگەڵ یانەکەی، بۆ ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا هاتە هەولێر و هەردوو یانە بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک یەکسانبوون.

یانەی ئیستقلال ئێستا لە دوای 16 گەڕی خولی تۆپی پێی ئێران، 3 یاریی دۆڕاندووە و بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئێرانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە