گواردیۆلا: مەحرز سەما دەکات و ناتوانین پێشبینی بکەین کە خیسوس چیمان بۆ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی باسی قورسیی یارییەکەیان بەرامبەر ولڤەرهامتۆن دەکات و دەڵێت: " دەبێت ئەم یارییە بۆ ئێمە ببێتە وانەیەکی باش".

گواردیۆلا لە دوای بردنەوەیان لە ولڤەرهامتۆن بە 4-1 و تۆمارکردنی بردنەوەی ژمارە 21 لەسەریەک لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا گوتی: " بردنەوەیەکی شایستەبوو، یارییەکی جوان بوو، نیگەرانبووین کە لە یەکەم لێدانیاندا گۆڵیان لێکردین، یارییەکە زۆر قورس بوو، بەڵام ئێمە زۆر باشبووین و زۆربەباشی یارییمانکرد".

پێپ زیاتر گوتی: " دوای ئەوەی گۆڵی یەکسانبوونمان لێکرا، 5 خولەک کەوتینەوە کێشەوە، بەڵام سەرکەوتووبووین لەوەی ئارام و لەسەرەخۆ بین، لە کۆتاییدا زۆر هەلمان دروستکرد و بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنێکی شایستەبوو، تەنیا دوو تۆپمان لەدەستدا و بەشێوەیەکی خێرا گەڕاینەوە".

راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دەڵێت: " پێویستە وانەیەکی باش لەم یارییە وەربگرین بۆ قۆناخەکانی کرانە دەرەوە، لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوە پێویستە بەردەوامبین و سڵ لە هیچ شتێک نەکەینەوە".

لەبارەی 21 بردنەوەیان لەسەریەک گواردیۆلا گوتی: " ئێستا مانچێستەر یونایتد لە هەموو شتێک گرنگترە ( یاریی داهاتووی مان سیتی بەرامبەر ئەو یانەیەیە)، پاڵەوانی ئێستا لیڤەرپوولە و تاجەکە لەسەر سەری ئەوە، ئێمە لە بارودۆخێکی زۆرباشداین بۆ ئەوەی نازناوەکەیان لێ وەربگرین و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین، بەڵام ئەوان پاڵەوانن".

گواردیۆلا ستایشی ئاستی بەرزی ریاز مەحرزی کرد و رایگەیاند، ئەو یاریزانە توانایەکی تایبەتی هەیە، لەنێو یاریگەدا سەما دەکات، تۆپ لەدەست نادات و بە تواناکانی جۆڵە بە یاریزانانی بەرامبەر دەکات و رووبەڕێکی زیاتر لە یاریگەدا دروستدەکات.

راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا و بایرن میونشن ستایشی ئاستی گابریێل خیسوسیشی کرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی: " ئێوە نازانن کە ئێمە چەند دڵخۆشین بە هەبوونی ئەو و ناتوانین پێشبینی بکەین کە ئەو چی بۆ یانەکە دەکات".

لە کۆتایی قسەکانیدا پێپ گواردیۆلا گوتی: " هێشتا 33 خاڵ ماون رکابەرییان لەسەربکەین، رۆژێک یان دوو رۆژ پشوومان هەیە بۆ ئەوەی خۆمان بۆ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد ئامادەبکەین کە لەسەر یاریگەی خۆمان یارییدەکەین".