ئەستێرەیەک بەهۆی باپیری دەچێتە ئاتلێتیک بیلباو

رووداو - هەولێر

یانەی ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانی بەوە ناسراوە کە رێگە بە هیچ یاریزانێکی دەرەوەی هەرێمی باسک نادات یاری بۆ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێک هەیە رێگە بە گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی دەدات بچێتە ریزەکانی ئەو یانە باسکییە.

لە کۆتایی ئەم وەرزەدا هیگواین گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس کۆتایی دێت و ریزەکانی بیانکۆنێری جێدەهێڵت. سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانیش باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئاتلێتیک بیلباو بەنیازن ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە ببەنە ریزەکانی یانەکەیان، بەڵام ئەو هەواڵە بووەتە جێگەی پرسیار لای جەماوەری یانە باسکییەکە، بەو پێیەی هیگواین ئەرجەنتینییە و بەپێی ئەو نەریتەی یانەکە پێیەوە پابەندە نابێ ئەو یاری بۆ یانەکە بکات.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لەو بارەیەوە رایگەیاند "هیگوایین بەهۆی باپیرییەوە دەتوانێت بچێتە ریزەکانی ئاتلێتیک بیلباو".

ئەو رۆژنامە ئیسپانییە دەڵێت "هیگواین نەوەی هاووڵاتییەکی باسکییە کە لە هەرێمی باسکەوە کۆچیکردووە بۆ ئەرجەنتین، بۆیە رێگە بە هیگواین دەدرێت بچێتە ریزەکانی ئاتلێتیک بیلباو".

مارکا باس لەوە دەکات کە جۆرجی باوکی هیگواین بەر لە 15 ساڵ ئەو راستییەی ئاشکراکردووە، کاتێک کوڕە گەورەکەی فیدریکۆ یاری بۆ یانەی ریال سۆسیدادی ئیسپانی دەکرد.

بەپێی هەواڵەکەی مارکا، باوکی هیگواین ئەوکات گوتوویەتی "باپیرەم لە بنەڕەتدا خەڵکی هەرێمی باسکی فەرەنسایە، هەمیشە باوکم پێیدەگوتم باسکەکان نە ئیسپانی و نە فەرەنسیین، باسکیین و بەس".