دایکی رۆناڵدۆ تووشی جەڵتەی مێشک بوو

رووداو - هەولێر

ماریا دۆلۆرێس دۆس سانتۆس ئاڤیێرۆی دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی رایگەیاند، دایکی رۆناڵدۆ تووشی جەڵتەی مێشک بووە و بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دوورگەی مادێرای پۆرتوگال گواستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە بارودۆخی دایکی رۆناڵدۆ باشە و پزیشکەکان بەباشی چاودێری بارودۆخەکەی دەکەن.



چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا پشکنینی دیکە بۆ ماریا بکرێن، بۆ ئەوەی بەتەواوی لە تەندروستیی دڵنیاببنەوە.

ماریا دۆلۆرێس پێشتر تووشی شێرپەنجەی مەمک بووبوو، بەڵام بەسەریدا سەرکەوت.

لە مانگی دووی ساڵی رابردوو پێش ئەوەی بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی لە دایکبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا بچێتە ئیتالیا، جارێکی دیکە ماریا تەندروستیی تێکچوو.