تۆرێس بەسەلامەتی لە نەخۆشخانە دەرکەوت



رووداو – هەولێر

فێرناندۆ تۆرێس، هێرشبەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، بەسەلامەتی لە نەخۆشخانە دەرکەوت، دوای ئەوەی لە یاری شەوی رابردوویدا لە یاری یانەکەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکارۆنیا تووشی پێکانێکی مەترسیدار بوو.

تۆرێس لە یارییەکەدا سەری بەر زەوی کەوت و بەپەلە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و یاریزانەکە تاوەکو ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە مایەوە، بەڵام بەسەلامەتی لە نەخۆشخانە دەرکەوت.



یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆیتەر بڵاویکردووەتەوە، هێرشبەری یانەکە دوای ئەوەی پشکنینی موگناتیسی رەنیی بۆ کراوە لەسەریدا بەسەلامەتی لە نەخۆشخانە هاتە دەرەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاتلێتیکۆ مەدرید رایگەیاندووە، لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە تۆرێس هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، تەنیا پێویستی بە 48 کاژێر پشوودان هەیە.

شەوی رابردوو تۆرێس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لاکارۆنیا مایەوە و لە ژێر چاودێری ووردی پزیشکدابوو.