رووداو دیجیتاڵ
یانەی دالکورد لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و یانەکە لە لێواری مایەپووچبووندایە و چەند کەسایەتییەکی کوردیش دەیانەوێت رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی یانەکە بکەن.
دەستەیەکی کاتی ئێستا یانەی دالکورد بەڕێوەدەبات، دوای ئەوەی مانگی رابردوو کۆبوونەوەی نائاسایی یانەکە ئەنجامدرا و دەستەی کارگێڕیی یانەکە هەڵوەشێنرایەوە، دەستەی کاتیی یانەکە نامەیەکی بحۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە و تێیدا دەڵێت "دەزانین کاتەکەمان کەمە و پێویستە تاوەکو 9ـی مانگی داهاتوو سپۆنسەر و هاوکاری بۆ یانەکە پەیدابکەین، بەپێچەوانەوە یانەکە بەپێی بڕیارێک کە 26ـی مانگی رابردوو دراوە، یانەکە بەرەو مایەپووچبوون دەڕوات."
لە نامەکەدا دەستەی کاتیی یانەی دالکورد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، چەند ساڵێکە یانەکە رووبەڕووی کێشەیەکی ئابووری گەورە بووەتەوە و هۆکارەکەشی بەشێکی بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی یانەکە بووە.
بەهۆی ئەو دووخە داراییە یانەکە تێیکەوتوو ئێستا یانەی دالکورد 2.5 ملیۆن کرۆنی سوێدی کە دەکاتە 222 هەزار دۆلار قەرزارە، جگە لەوەش 89 هەزار دۆلاری گرێبەستی یاریزانی ماوە، کە پێشتر لە 2019 گرێبەستی لەگەڵ کردوون و تاوەکو ئێستا پارەی گرێبەستەکانیان نەدراوە.
دەستەی کاتیی یانەی دالکورد، لە رێگەی رووداوەوە داوا لە وەبەرهێنەرانی کورد و کوردستان لە هەموو جیهان و هاندەران دەکات، بۆ ئەوەی هاوکاریی یانەکە بکەن بۆ رزگاربوون لەو دۆخە ئابوورییەی تێیدا تێدەپەڕێت.
دالکور لە 2004ـەوە وەکو یانەیەکی کوردستانی لە سوێد لەلایەن کوردانی دیاسپۆراوە دامەزراوە و جارێک بەشداریی لە خولی نایابی سوێد ئالسڤێنسکاندا کردووە.
ئاڵدار کورتمان کورد، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی کاتیی یانەی دالکورد، میوانی سامان وڵاتژێری بوو لە بوولتەنی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاژێر 13:30 و گوتی "زۆر سوپاسی رووداو دەکەم، بۆ ئەوەی کاتیان پێداین، بۆ ئەوەی بتوانین دەنگمان بگەیێنینە کوردانی هەموو جیهان شرۆڤەی دۆخی یانەی دالکورد بکەین، هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی یانەکە خراپی دۆخیی دارایی یانەکەیە، سپۆنسەری سەرەکی یانەکەمان و خاوەنەکەی سەرکەوت جونەید، وازی لە کارەکەی هێنا و دوای ئەوە یانەکە کەوتە دۆخێکی دارایی خراپ و ئێستا یانەکە 2.5 ملیۆن کرۆنی سوێدی قەزراوە و 1 ملیۆن و 500 هەزار کرۆنی یاریزانێکی یانەکەش نەدراوە کە لە 2019 گرێبەستی لەگەڵ کراوە، بەگشتی دالکورد لە دۆخێکی باشدا نییە و ئەوانەی لەنێو دالکوردا کاریانکردووە، کاری خراپیشیان کردووە."
لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەتوانن ئەم دۆخە تێبپەڕێنن و دەستەی کاتیی یانەکە چی دەکات؟ ئالدار دەڵێت "ئێمە نامانەوێت متمانە لەدەستبدەین و نامانەوێت دالکورد مێژووییەکی خراپی هەبێت، هیوادارین دالکورد بەردەوامبێت و هیوادارین کەسانی وەبەرهێنەر و ئەوانەی دەوڵەمەندن بگەینە ئەوان، لە ئەورووپاوە تاوەکو باشووری کوردستان و ئاسیا و خۆمان گەیاندووەتە هەندێک کەس، کە تەنانەت لە ئەمریکاشن و دەمانەوێت سپۆنسەری نوێ پەیدا بکەین و کەشتی یانەکە لەژێر ئاو دەربهێنین و دوای ئەوەش بەردەوامبێت."
ئەو ئەندامەی دەستەی کاتیی یانەی دالکورد بە رووداوی گوت "ئێمە 5 بۆ 6 کەسین کە یانەکە بەڕێوەدەبەین، ئێمە لە کۆبوونەوەی 26ـی مانگی 1 داوای موڵەتمان کرد تاوەکو 9ـی ئادار، کە پێمانوایە دەتوانین تاوەکو ئەو کاتە کێشەکان چارەسەربکەین، هیوادارین کە بتوانین ئەم بارودۆخە تێبپەڕێنین و یانەکە بەردەوامبێت، ئەگەر ئەوە نەکەین، بەفەرمی یانەکە مایەپووچ دەبێت."
لەبارەی ئەوەی داواکارییان چییە؟ ئالدار کورتمان کورد بە رووداوی گوت "داواکاریمان هەموو کوردانی جیهان ئەوەیە، هاوکاریمان بکەن، هیوای گەورەشمان بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و داوای هاوکاری لەوانیش دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ