ئەمڕۆ چامپیۆنزلیگە و رۆناڵدۆ بۆ بردنەوەیەکی دیکە یاری دەکات

03-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەسڕ چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یارییەکانی دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا بەڕێوەدەچێت و یانەی نەسڕی سعودی، لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر یانەی وەسڵی ئیماراتی یاریی دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا، ئەمشەو لەسەر یاریگەی ئەول پارک، یانەی نەسڕ بە سەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ میوانداریی یانەی ئیماراتییەکە دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لە رکابەرییەکانی خولەکەدا تۆماربکات.
 
بەر لەم یارییە نەسڕ و وەسڵ سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە و تەنیا رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی بە ورە بەرزییەوە بچنە نێو رکابەرییەکانی قۆناخی داهاتوو.
 
یانەی نەسڕ دوو رۆژ لەمەوبەر بەفەرمی گواستنەوەی جۆن دوران هێرشبەری کۆڵۆمبیی بۆ یانەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی بەرامبەر 77 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ یانەی ئاستۆن ڤیلا گەیشتە رێککەوتن و یاریزانەکە بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
نەسڕ ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەی رۆژئاوای چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیایە و یانەی وەسڵ لە پلەی پێنجەمە.
 
یانەی شورتەی عێراقی، کە سێ یاریزانی کورد یاریی بۆ دەکەن، ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کردووە و دوایین یاریی خۆی لە رکابەرییەکەدا ئەنجامدەدات.
 
شورتە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی کاژێر 19:00 بەرامبەر یانەی ئیستقلال تارانی ئێرانی یاری دەکات و یارییەکە لە ئێران بەڕێوەدەچێت.
 
لە ریزەکانی یانە عێراقییەکەدا، هەریەکە لە رێوان ئەمین، ئاکام هاشم و ئەحمەد زێرۆ، سێ یاریزانی کوردن و لەو تیپەدا یاری دەکەن، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆش ئامادەن.
 
یانەی شورتە لە دوای ئەنجامدانی 7 یاری لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا، هیچ بردنەوەیەکی نییە چوار یاریی دۆڕاندووە و لە 2 یارییدا یەکسانبووە، یانەکە دەیەوێت بەبردنەوەی یەکەم یاری ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا
 
عەینی ئیماراتی 17:00 رەیانی قەتەری
سەدی قەتەری 19:00 ئەهلی سعودی
ئیستقلالی ئێرانی 19:00 شورتەی عێراقی
نەسڕی سعودی 21:00 وەسڵی ئیماراتی
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە