ئێران لە ژاپۆنی بردەوە و گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی جامی ئاسیا

03-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ژاپۆن هەڵبژاردەی ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی جامی ئاسیادا، هەڵبژاردەی ئێران توانی لە ژاپۆن بباتەوە و بلیتی سێیەمی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
 
هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و ژاپۆن لە دوایاریی قۆناخی هەشتی جامی ئاسیادا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
 
نیوەی یەکەم ژاپۆنییەکان باشتربوون و گوشاریان خستە سەر ئێران تاوەکو هیدیماسا مۆریتا لە خولەکی 28 توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ ژاپۆن تۆمار بکات.
 
دوای ئەوە گۆڵە جلەوی یارییەکە کەوتە دەست ئێرانییەکان، بەڵام نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی ژاپۆنییەکان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا ئێرانییەکان زۆر بەهێز دەستیانپێکرد و بەتەواوی کۆنترۆلی یارییەکەیان کرد.
 
لە خولەکی 55 محەممەد موهیبی گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی سێی زیادکراودا، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ئێران هەژمارکرد و عەلیڕەزا جیهانبەخش گۆڵی کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی ئێران کۆتاییهات و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا.
 
ئێران کە یەکەمجارە لە مێژووی جامی ئاسیادا لە ژاپۆن بباتەوە، لە قۆناخی پێشکوتاییدا رووبەڕووی براوەی یاریی قەتەر و ئوزبەکستان دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئوردن و کۆریای باشووریش لەسەر بلیتێکی یاریی کۆتایی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە