ئوسترالیا داوای گەڕانەوەی بەپەلەی عەلیرەزا فەغانی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن، لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، عەلیرەزا فەغانی، ناوبژیوانی بەڕەچەڵەک ئێرانی ئوسترالی ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە و ئوسترالیا داوای گەڕانەوەی دەکات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، دوای ئەوەی لە یاریی عێراق و ئوردن، ئەیمەن حوسێنی بە کارتی سوور کردە دەرەوە، هەڕەشەیەکی زۆر لە ناوبژیوانەکە کراوە و ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی لە مەترسیدایە، پۆلیسی ئوسترالیا داوای گەڕانەوەی بەپەلەی ناوبژیوانەکە دەکات بۆ ئەوەی سەلامەتی خۆی و ماڵباتەکەی بپارێزێت.
 
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوسترالیا رایگەیاندبوو، پاڵپشتیی ناوبژیوانەکە دەکەن و هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی، بۆ ئەوەش لەگەڵ فەغانی لە پەیوەندی بەردەوامدان.
 
ژیانی ناوبژیوانەکە لەکاتێکدا مەترسیی لەسەرە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ناوبژیوانەکە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە، بڕیاری کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن، بەپشبەستن بە ماددەی 12 لە یاسای یاریی تۆپی پێ لە یەکێتیی نێودەوڵەتی جێبەجێکراوە، کە تایبەتە کە بە (سەرپێچی و هەڵسوکەوتی نادروست، درەنگ گەڕانەوە بۆ یاری).
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا دووپاتیدەکاتەوە، کە ناوبژیوان لە یارییەکەدا سێ جار فیکەی بۆ ئەیمەن حوسێن لێداوە، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو یاریگە، بەڵام یاریزانەکە هۆشدارییەکانی ناوبژیوانەکەی پشتگوێخستووە و بەو هۆیەوە کارتی زەردی دووەمی بەڕوودا بەرزکراوەتەوە و کراوەتە دەرەوە.
 
دوای کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن لە یارییەکە و دۆڕانی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئوردن، هێرشی زۆر کرایە سەر ناوبژیوانەکە و عێراقییەکان ئەو ناوبژیوانە بە هۆکاری ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەکەیان دادەنێن و بەشێکی هاندەرانیشیان هەڕەشەیان لەو ناوبژیوانە کردووە.

 
عەلیرەزا فە‌غانی، تەمەنی 45 ساڵە، بەڕەچەڵەک ئێرانییە و لە 2019 بەهۆی کێشەی خێزانییەوە چووەتە ئوسترالیا و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە، ناوبژیوانەکە لە 2008ـەوە لەلایەن فیفاوە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی پێدراوە.
 
سەرەتای ساڵی 2023 ئوسترالیا بەفەرمی پەیوەندیکردنی ئەو ناوبژیوانەی لە لیژنەی ناوبژیوانانی وڵاتەکەی راگەیاند.
 
پێشتر عەلیرەزا فەغانی، لە ساڵەکانی 2016 و 2018 وەک باشترین ناوبژیوان لەسەر ئاستی ئاسیا دەستنیشانکراوە.

 
لە مۆندیالی 2018 فەغانی 4 یاریی بەڕیوەبرد، لە مۆندیالی 2022 دوو یاریی بەڕێوەبردووە، لە جامی ئاسیای 2023 کە ئێستا یارییەکانی لە قەتەر بەردەوامن، دوو یاریی بەڕێوەبردووە، کە یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان قەتەر و لوبنان، لەگەڵ یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن بوو.