نادال جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا بەدەرکردن دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

جێگری دووەمی سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، ناچاربوو بەهۆی رافایێل نادالی تێنسزانی ئیسپانی دەستلەکاربکێشێتەوە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بارسا.
 
هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئەو کارمەندە گرنگەی بارسێلۆنا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تویتێکی لەسەر رافایێل نادال کردووە و هەرایەکی میدیایی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە لە ژێر گوشاری میدیا و سۆشیاڵمیدیادا ناچاربوو دەستلەکاربکێشێتەوە.
 
دوای ئەوەی نادال نازناوی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ئوسترالیای بردەوەو بووە خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکانی گراند سلام، ئەلفۆنس گۆدال، جێگری دووەمی سەرۆکی بارسێلۆنا، لە تویتێکدا هێرشێکی توندی کردە سەر ئەو تێنسزانە ئیسپانییە و بە بەشێک لە دەوڵەتی دوژمن ناوبرد".
 
ئەلفۆنس لە تویتێکدا لەبارەی نادالەوە نووسیویەتی "ئەو کوڕە لە یەکەم رۆژەوە هەر خەم و خەفەتم پێدەدات".
 
دواتر نووسیویەتی "رافائيل ناڤيداد (کە وشەیەکی کەتەلۆنییەوە بە مانای نادال دێت) لە یەکەم رۆژەوە خەفەتم پێدەدات، ئەو لە هەمان خانەی لارۆخا، ریال مەدرید، فێرناندۆ ئەڵۆنسۆ و هەر شتێکە کە پەیوەندی بە دەوڵەتی دوژمنەوە هەبێت".
 
ئەم بڕیارەی گئەلفۆنس گۆدالۆدال لە کاتێکدا بوو کە ئەو تویتەی هەرایەکی گەورەی نایەوە و بەدڵنیاییەوە کاریگەری بەسەر نێوبانگی دامەزراوەیەکی گەورەی وەک بارسێلۆناوە دەبێت، کە ئەندامێکی لەو ئاستەدا هێرش بکاتە سەر کەسایەتییەکی گەورە و بەنێوبانگی وەک رافایێل نادال.
 
خۆی لە تویتێکی دیکەدا سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی، نووسیبووی "ئەو تویتەم سەبارەت بە کەسایەتییەکی بەنێوبانگ بووە، بۆیە لەوانەیە زیان بە دامەزراوەی بارسێلۆنا بگەینێت، بەهۆی گوشاری هەندێک کۆمپانیا و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، نامەوێت ببمە هۆکاری ئەوەی زیانی سەنتێک بە بارسێلۆنا بگات، هەروەها دەستبەرداری ئازادی رادەربڕینیش نابم، کەواتە وا باشە دەست لە کارەکەم بەردەم".