ڤیدیۆ؛ یاریزانێک لە یەک یاریدا دووجار کارتی سوور وەردەگرێت

رووداو - هەولێر

وەرگرتنی دوو کارتی زەرد لەلایەن یاریزانێک شتێکی ئاساییە، بەڵام پێدانی دوو کارتی سوور بە یەک یاریزان شتێکە، جێگەی سەرنج و چاوەڕواننەکراوە، ئەم رووداوە لە خولی پلە دووەکانی ئیسپانیا روویدا.

لە یاری نێوان هەردوو یانەی فوینلابرادا و خیرۆنا، کریستوباڵ مارکێز، یاریزانی یانەی فوینلابرادا دوو جار کارتی سووری وەرگرت، جاری یەکەم لەگەڵ ئالێکس گرانی بەریەککەوتن، ناوبژیوان کارتی سووری دایە یاریزانەکە، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ سیستمی ڤار ناوبژیوان رێگەی بە یاریزانەکەدا بگەڕێتەوە نێو یاریگە و کارتە سوورەکەی کردە کارتی زەرد.

ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنج و پێکەنیناوی بوو، ئەوەبوو یاریزانەکە جارێکی دیکە لەگەڵ ئالێکس گرانی بەریەککەوتن لەنێوانیاندا دروستدەبێتەوە، بەمەش گرانی تووشی پێکان دەبێت و ناوبژیوانیش کارتی زەرد بەڕووی هەردوو یاریزانەکەدا بەرزدەکاتەوە، کە ئەمە دەبێتە کارتی دووەمی کریستوباڵ و بەو هۆیەوە یاریزانەکە کارتی سووریش وەردەگرێت و لە یارییەکەدا دەکرێتە دەرەوە.

لە یارییەکەدا خیرۆنا کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییەکەی ئەنجامدا، بە گۆڵێک کریستیان ستوانی یارییەکەی بردەوە و سێ خاڵی بەدەستهێنا.