یانەی میلان چاودێری ئەستێرەیەکی قەتەر دەکات


رووداو - هەولێر

یانەی ئەیسی میلانی ئیتالی چاودێری ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی قەتەر دەکات، دوای ئەوەی ئاستێکی بەرزی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی پێشکەشکرد و نازناوی جامی ئاسیای 2019ـیان بردەوە.

رۆژنامەی لا ریبوپلیکای ئیتالی بڵاویکردووەتەوە، یانەی میلان لە رێگەی بەهرە دۆزەرەوەکانییەوە چاودێری ئەلموعیز عەلی، هێرشبەری هەڵبژاردەی قەتەر دەکات، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە پێشکەشکرد و بووە گۆڵکار و باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە.

ئەلموعیز لە یانەی دحێلی قەتەری یارییدەکات و لە جامی ئاسیای 2019 لەگەڵ قەتەر 9 گۆڵی تۆمارکرد، بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە و بەباشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەش دەستنیشانکرا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، میلان بە جددی بیر لە گواستنەوەی یاریزانە قەتەرییەکە دەکات بۆ ئەوەی هاوکاریی کریستۆڤ پیاتیک بکات لە هێلی پێشەوەی یانەکە.