گەڕی 12ـی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات
رووداو دێجیتاڵ
گەڕی 12ـی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات و بەهێزترین دوو یارییش رووبەڕووبوونەوەی نێوان یانەی پیشەسازی و پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە لەگەڵ سیروانی نوێیە.
رزگاری - سەیدسادق
یانەی رزگاری رووبەڕووی دوایینی ریزبەندیی خولەکە دەبێتەوە کە یانەی سەیدسادقە.
رزگاری بەبردنەوەی ئەم یارییە دەکرێت لە ریزبەندیی شەشەمەوە بگاتە پلەکانی پێشەوە و سەدیدسادقیش وێڵە بەدوا سەرکەوتنێکدا. یانەکە تاوەکو ئێستا چوار یاریزانی نوێی بۆ راهێنەر سەیوان فاتیح هێناوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوچەی دابەزین دوورکەونەوە.
یانەی رزگاری بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی دێت و یانەی سەیدسادقیش لە پلەی 15ـم دێت بەکۆکردنەوەی تەنیا چوارخاڵ.
هەندرێن- هەولێر
یانەی هەندرێن، دوای ئەوەی 10 گەڕ لە ناوچەی دابەزین بوو، ئێستا یانەکە کەمێک لە ناوچەی دابەزین دوورکەوتووەتەوە، هەمان حاڵەت بۆ یانەی هەولێریش راستە.
تیپەکەی دڵشاد مەعرووفی راهێنەر دوایین دوو یاریی شەش گۆڵی تۆمارکردووە و هێج گۆڵیکی لێ تۆمار نەکراوە.
شوان ئەنوەری راهێنەری یانەی هەولێریش دوایین چوار یاریی نەیدۆڕاندووە و یانەکە چاوی لەم سێ خاڵەیە.
یانەی هەندرێن بەکۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی 12ـی ریزبەندی دێت و هەولێریش بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی 11ـدا دەبینریت.
پیشەسازی- پێشمەرگەی هەولێر
یانەی پیشەسازی رووبەڕووی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە و بە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی گەڕەکە دادەنرێت.
یانەی پیشەسازی پێنج یارییە نەیبردووەتەوە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکە دابەزیووەتە پلەی پێنجەمی خولەکە، و یانەی پێشمەرگەش شەش یارییە نەدۆڕاوە و یانەکە لە پلەی دووەمی ریزبەندییەکە دایە.
یانەی پیشەسازی بەکۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی پێنجەمدایە و یانەی پێشمەرگەی هەولێریش بەکۆکردنەوەی 19 خال لە پلەی دووەم دێت.
دەربەندیخان- ئاکرێ
یانەی دەربەندیخان لە گەڕی 12 میوانداریی یانەی ئاکرێ دەکات و هەردوو یانە بە قەیرانی بردنەوە تێدەپەڕن.
یانەی دەربەندیخان دوای بردنەوە مێژووییەکەی بەرامبەر یانەی سەیدسادق تاوەکو ئێستا پێنج یاریی کردووە و هیچ یارییەکیشی نەبردووەتەوە. یانەی ئاکرێش چوار یارییە تامی سەرکەوتنی نەکردووە.
یانەی دەربەندیخان بەکۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت و ئاکرێش بەکۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت.
رانیە- شەقڵاوە
یانەی رانیەی ئاست ناجێگیر رووبەڕووی شەقڵاوەی بریندار دەبێتەوە و هەردوو یانە ئەم یارییە بە دەرفەت دەزانن بۆ رزگاربوون لە ناوچەی دابەزین.
یانەی رانیە لە دوایین شەش یارییدا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و شەقڵاوەش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی، راهێنەر سیامەکی دەرگاهی لە تیپەکە دوورخستەوە، و تاوەکو ئێستا یانەکە بێ راهێنەرە و تیپەکە هێشتا راهێنەری نوێی دیاری نەکردووە.
یانەی رانیە بەکۆکردنەوەی 13 خاڵ لە ریزبەندیی 10ـم دێت و یانەی شەقڵاوەش بە 10 خاڵ پلەی 13ـی ریزبەندی گرتووە.
شێروانە – سیروانی نوێ
یەکێک لە بەهیزترین یارییەکانی ئەم گەڕە لە دەڤەری گەرمیان بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانە یەکێکن لە بەهیزترین یانەکانی ئەم وەرزەی خولەکە.
یانەی شێروانە ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا ئاستێکی ناوازە پێشکەشدەکات و یانەی سیروانی نوێش ئەسپە رەشەکەی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستانە، کە چاوەڕواندەکرێت یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی ئەم گەڕە بێت.
یانەی شێروانە بەکۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پێشەنگی ریزبنەندییەکە دەبینرێت و یانەی سیروانی نوێش، کە خاوەنی 16 خاڵە لە پلەی چوارەم دەبینرێت.
زاخۆ - چوارقوڕنە
یانەی زاخۆی سێیەمی ریزبەندی، رووبەڕووی یەکێک لە خراپترین تیپەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان دەبێتەوە.
یانەی زاخۆ ئەمسال هاوشێوەی وەرزی رابردوو رکابەرێکی سەرسەختە بۆ رکابەریکردن بۆ نازناوەکە و یانەی چوارقوڕنەش دوای گۆڕینی دوو راهێنەر تاوەکو ئێستا هیچ بردنەوەیەکی نییە و لە ناوچەی دابەزیندایە و هەرچەندە ئەم یارییەش بباتەوە بەڵام یانەکە هەر لە ناوجەی دابەزین دەمێنێتەوە.
یانەی زاخۆ بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە سێیەمی ریزبەندیدا دەبینرێت و چوارقوڕنەش بەکۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پلەی 14ـم دەبینرێت.