راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووداو: کازم ساهیر لە جامی کەنداو ئامادەنابێت
رووداو دیجیتاڵ
کازم ساهیر، هونەرمەندی بەنێوبانگی عێراقی لە ئاهەنگی کردنەوەی جامی کەنداوی 25 ئامادەنابێت، کە رکابەرییەکانی بەسرە بەڕێوەدەچن و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە رێگەی رووداوەوە ئەوەی دووپاتکردەوە.
لە بوولتەنی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداودا کە کاژێر 16:00 پێشکێشدەکرێت، ئەیاد بونیان، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی " حکومەتی عێراق بایەخێکی زۆری بە چاودێریکردنی ئەم پاڵەوانێتییە لە رێگەی پشتیوانیکردنی بێ وێنە و بێ سنووردارکردن، ئەوەی لە حکومەت داواکراوە جێبەجێکراوە، بەتایبەتیش لەلایەن خودی سەرۆکوەزیرانەوە محەممەد شیاع سوودانی، هەموو ئەو شتانەی داوامانکردووە، بەشێوەیەکی خێرا وەڵامدراوەتەوە و جێبەجێکراوە و بەشێوەیەکی زۆر ئاسان کراوە، بۆیە ئامادەکارییەکان بەردەوامە و هەموو ئەو هەوڵانەشی دراون جێگەی بایەخ و دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی جامێکی کەنداوی جیاواز ببینین."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی " زۆرێک لە کەسایەتییەکان ئامادەدەبن، بەڵام ناتوانین ناوی هیچ یەکێکیان ئاشکرابکەین، بەگشتی لەژێر چاودێری سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی دەبێت."
لەبارەی ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا، بونیان گوتی " تاوەکو ئێستا دڵنیانین ئامادەدەبێت یان نا، دەزانی ئەمە پێویستی بە پرۆتۆکۆڵە، پێویستی بە رێوشوێنی باش هەیە، رەنگە پابەندبوونی دیکەی هەبێت، رەنگە ئامادەبێت، بەڵام هێشتا یەکلانەکراوەتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەشێکی زۆری بەرپرسانی کەنداو، دەرەوەی کەنداویش پشتیوان بەخوا لێرە ئامادەدەبن."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە هاندەران چاوەڕێی ئامادەبوونی کازم ساهیر دەبن، لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا؟ ئەیاد بونیان گوتی " سەرەبات بە ئاهەنگەکە بەپێی زانیاری من، بەڕێز کازم ساهیر ئامادەنابێت، چونکە بارودۆخی خۆی هەیە و دوورە ئامادەبێت، بۆیەش حوسام رەسام ئامادەدەبێت."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت " بەسرە و خەڵکی بەسرە بە سرووشت دڵیان کراوەیەوە لە میوانداریکردن بێ وێنەن، هەموو هۆتێل و مۆتێلەکان گیراون و ئامادەبوونێکی بێ وێنە هەیە لێرە، خەڵک زۆر پێشوازی دەکات و هاتوون بۆ هاندانی تیپەکان، لە بەسرە چوار پێنج هۆتێلی گەورە و چەند هۆتێلێکی دیکە هەن و هەمووان پڕبوون، هەرچەند بەشی هەموو میوانەکان ناکەن، بەڵام خەڵکی بەسرە بەدەستکراوەیی و میواندۆستیان ناسراون و بەدڵنیاییەوە پاڵەوانێتییەکی باش دەبێت."
رۆژی 6-1-2023 رکابەرییەکانی جامی کەنداو بەبەشداریی 8 هەڵبژاردەی جیاواز لە بەسرە دەستپێدەکات.