یاریزانێکی عێراقی لە مانچێستەر یونایتد جێگەی پۆگبا دەگرێتەوە

03-01-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پۆڵ پۆگبا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راڵف رانگنیک، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد پلان بۆ ئەوە دادەڕێژێت، لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بە یاریزانە لاوەکانی یانەکەی بدات بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرێت.
 
میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، زیدان ئیقبال، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی مانچێستەر یونایتد لەنێو ئەو یاریزانە لاوانەدایە کە رانگنیک گرنگیان پێدەدات و دەیەوێت لە تیپی یەکەمی مانچێستەر یونایتددا گرنگیان پێبدات و کار لەسەر بەرەوپێشبردنی تواناکانیان بکات.
 
رۆژنامەی میرەری بەریتانیا دەڵێت " پێنج یاریزانی لاو هەلی ئەوەیان هەیە لەم وەرزەدا لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکە دەربکەون، زیدان ئیقبال یەکێک لەوانەیە و لە پلەی دووەمی لیستە پێنج یاریزانەکەدایە و دەیەوێت گرنگی بەو یاریزانە بدات، بەتایبەت کە لەگەڵ تیپی دووەمی یانەکە ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات.
 
ئەو یاریزانانەی هەلی یارییکردنیان لە تیپی یەکەمی یانەی مانچێستەر یونایتد هەیە، تێدی مێنگی، زیدان ئیقبال، حنبعل مەجبەری، ئانتۆنی ئیلانگا و چارلی والانسن، کە راڵف رانگنیک پێی وایە لە داهاتوودا ئەو یاریزانانە سوودی زۆریان بۆ یانەکە دەبێت.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی میرەر، یارییکردنی زیدان ئیقبال بۆ مانچێستەر یونایتد لە تیپی یەکەمدا دەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جێگەی پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی فەرەنسی بگرێتەوە کە یاریزانەکە نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەکە و هەردوو یانەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمانیش گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدەن.
 
زیدان ئیقبال، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵانە، یاریزانی لاوانی هەڵبژاردەی عێراقە، شەوی 8-12-2021 لە یاریی بەرامبەر یانەی یەنگ بۆیزی سویسری خولەکی 89 هاتە جێگەی جێسی لینگاردی ئەستێرەی ئینگلیزی و یەکەم یاریی فەرمیی خۆی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتددا ئەنجامدا، یەکەم یاریی خۆیشی بوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
ئەو یاریزانە لاوە بووە دووەم یاریزان لە مێژووی عێراقدا کە یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بکات، دوای هاوار مەلا محەممەدی یاریزانی کوردی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق کە پێشتر لەگەڵ یانەی ئاپۆلۆن لیماسۆلی قوبرسی لە خولەکەدا یارییکرد. 
 
ئەو یاریزانە 100٪ عێراقی نییە، بەڵکو باوکی پاکستانییە و ناوی عەمار ئیقبالە و دایکی عەرەبی عێراقییە و خەڵکی باشووری عێراقە، لە شاری مانچێستەر یەکدییان ناسیوە و زیدان لە 27/4/2003 لە شاری مانچێستەر لەدایکبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە