نوێترین زانیاری لەسەر تووشبوونی لیۆنێل مێسی بە کۆرۆنا

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئەرجەنتین، نوێترین پێشهات و زانیارییان لەبارەی تووشبوونی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکراکرد.
 
لیۆنێل مێسی کە بۆ پشووی سەری ساڵ لە ئەرجەنتینە، لەوێ تووشی کۆرۆنا بووە و یانەی پاریسی بەفەرمی توشبوونی لیۆ لەگەڵ 3 یاریزانی دیکەی بە کۆرۆنا دووپاتکردەوە، کە بریتین لە هەریەک لە خوان بێرنات، سێرگیۆ ریکۆی گۆڵپاریز و ناتان بیتزو موالا.
 
لەبارەی رەوشی تەندروستی مێسییەوە، ئەو سەرچاوانە دەڵێن "مێسی هەندێک لە نیشانەکانی کۆرۆنای تێدا دەرکەوتووە و سەرەتا هەندێک هەستی بە ئازار کردووە و پلەی گەرمای دابەزیوە، بەڵام دواتر نیشانەکانی نەماون و ئێستا هەست بە باشی دەکات".
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە مێسی رۆژی شەممەی رابردوو تووشی کۆرۆنا بووە، دوای ئەوەی پشکنینەکانی کردووە، دەرکەوتووە کە ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ بووە و دەڵێن "ڤایرۆسەکە هیچ کێشەیەکی تەندروستی بۆ لیۆنێل دروست نەکردووە، تەنیا لە رووی دەروونی و سۆزەوە هەندێک کاریگەی بەسەریەوە هەبووە وەک هەر تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا".
 
میدیای فەرەنسا باس لەوە دەکات کە مێسی لە ماڵەکەی لە رۆزاریۆ کەرەنتین کراوە و دەڵێن "لەوانەیە دوو یان سێ رۆژی دیکەی پێویست بێت بۆ ئەوەی پشکنینێکی دیکە بکات". دەشڵێن "ئەگەر ئەنجامی پشکنینی داهاتووی نێگەتیڤ بوو، لیۆ راستەوخۆ دەتوانێت گەشت بکات و بگەڕێتەوە فەرەنسا بۆ پەیوەندیکردن بە پاریس سانجێرمانەوە".
 
ئەو سەرچاوانە دەشڵێن "ئەگەرچی ئەگەرێک هەیە بۆ ئەوەی مێسی بۆ یاریی لوتکەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ لیۆن ئامادە بێت، بەڵام ئەگەر بەشداری لەو یارییەشدا نەکرد، بەدڵنیاییەوە بۆ یارییەکەیە برێست ئامادە دەبێت".
 
هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە لیۆنێل مێسی پێشتر سێ قورچکی ڤاکسینی وەرگرتووە، کە یەکەمیان لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆپا ئەمریکا بووە و دووانی دیکەشی لە ئەوروپا وەرگرتووە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "هەر بەهۆی ئەوەی کە مێسی ڤاکسینی وەرگرتووە، لە کاتی تووشبوونی بە کۆرۆنا کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە بەسەریەوە لاوازبوونە".