یارییە ئاگرینەکان یاریزانێکی گەلاتاسەرای دەسووتێنن

03-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عومەر عەبدلاوی گەلاتاسەرای
A+ A-

رووداو دیجیتال

هێشتا دۆخی تەندروستی عومەر عەبدلاویی بەرگریکاری نەرویجی یانەی گەلاتاسەرای تورکی لە مەترسیدایە، کە لە شەوی سەری ساڵدا یارییە ئاگرینەکان بە دەموچاوییەوە تەقیون.

لە شەوی سەری ساڵدا ئەو یاریزانە تەمەن 29 ساڵانە، لە ئیستەنبۆل یارییەکی ئاگرینی بەدەستەوە بووە و ویستوویەتی بە ئاسماندا بتەقێنێت، بەڵام لەنێو دەستەکانیدا تەقیوە و دەموچاوی سووتاوە، کە پزیشکان دەڵێن "جۆری سووتانەکەی پلە دووە".

عەبدلاوی لە نەخۆشخانەی لیف لە ئیستەنبۆل چارەسەری وەردەگرێت، ڤیدات کایای پزیشک و سەرپەرشتیاری چارەسەری عەبدلاوی دەڵێت "لە رووی مردنەوە یاریزانەکە مەترسی لەسەر نەماوە، بەڵام چاوی راستی تووشی سووتانێکی زۆر بووە و لە دۆخێکی خراپدایە".

ئەو پزیشکە دووپاتیدەکاتەوە کە یاریزانەکە کێشەی بینینی هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی چاوەکانی عەبدلاوی.

یەنیر ئینیسی پزیشکی یانەی گەلاتاسەرای، لەبارەی دۆخی تەندروستی یاریزانەکەیانەوە، دەڵێت "جارێ زووە باسی ئەوە بکەین ئایا عومەر دەتوانێت جارێکی دیکە یاری بکاتەوە یان نا، ئێستا هەموو هەوڵێکمان تەنیا بۆ ئەوەیە عومەر باشترین چارەسەری بۆ بکرێت".

عومەر عەبدلاوی، بەڕەچەڵەک خەڵکی ریفی مەغریبە، سەرەتای ئەم وەرزە لە ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی گالاتاسەرایەوە کردووە و تاوەکو ئێستا 13 یاری بۆ یانە تورکییەکە کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە