رۆناڵدینیۆ تۆپ بە تیشکی خۆر ناگۆڕێتەوە

رووداو دیجیتال

رۆناڵدینیۆی ئەستێرەی بەرازیلی ئامادەیە تیشکی خۆری لەسەر ببڕن نەک قەدەخەی بکەن لە یاریکردن بە تۆپ، هەروەها خراپترین سیفەتی خۆیشی ئاشکرادەکات.

لە هەڤپەیڤینێکی سەرنجڕاکێشدا، ئەستێرەی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و میلان، راشکاوانە دانی بەوەدا نا کە لە خراپترین سیفەتی پابەندنەبوونە بە ژوانەکان و گوتی "من هەرگیز پابەندنیم بە ژوانەکان، هەمیشە لە کاتی دیاریکراو دوادەکەوم".

لەو هەڤپەیڤینەدا لە رۆناڵدینیۆیان پرسی لەنێوان بێبەشکردن لە تیشکی خۆر یان تۆپدا کامیان هەڵدەبژێری؟ ئەو هەر زوو گوتی "تۆپ هەڵدەبژێرم، چونکە ناتوانم بێ تۆپ بژیم".

هەروەها رۆناڵدینیۆ ئامادەنەبوو بۆ ئینتەرنێت دەستبەرداری موزیک ببێت و گوتی "ئینتەرنێتم ناوێت، مۆزیک هەڵدەبژێرم".

جارێکی دیکەش لێیانپرسی، ئەگەر پێتبڵێن یان نابێت بچیتە فێستیڤالی ریو دی جانیرۆ یان نابێت یاری بە تۆپ بکەی، کامیان هەڵدەبژێری؟ رۆناڵدینیۆ جارێکی دیکە تۆپی هەڵبژاردەوە و گوتی "تۆپ بە هیچ شتێک ناگۆڕمەوە".