سیلڤا لەبەرامبەر دوورکەوتنەوە لە مان سیتی بێدەنگیی شکاند


رووداو - هەولێر

دەیڤد سیلڤا، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی هۆکاری بەشدارینەکردنی لە چەند یارییەکی یانەکەیدا ئاشکراکرد.

ئەو یاریزانەی مانچێستەر سیتی لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، دەمەوێت سوپاسی یانەو هاوڕێکانم بکەم کە لە ماوەی رابردوودا یارمەتیان دام هەمووان لەوە دڵنیادەکەمەوە، بەتایبەت هاوڕێکانم و راهێنەری یانەکەم ئەوانەی لە خەمی مندابوون، من بەهۆی لە دایکبوونی ماتیۆی کوڕم کە پێش وادەی دیارییکراوی خۆی لەدایکبوو دوورکەوتوومەتەوە و تەنیا ئەوە هۆکارەکەیە.


پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری یانەی مانچێستەر سیتی، پێشتر رایگەیاندووە، سیلڤا بەهۆی کێشەی تایبەتی خۆیەوە لە یانەکە دوورکەوتووەتەوە و هەر کاتێک بەتەواوی کێشەکانی چارەسەربوون یاریزانەکە دەست بە یارییکردن دەکاتەوە.



گواردیۆلا ئەوەشی راگەیاندبوو، ئێستا چارەسەربوونی کێشەکانی سیلڤا لە هەموو شتێک گرنگترن و زۆر پاڵپشتی ئەو یاریزانەی کرد، بەتایبەت کە رێگەیدا سیلڤا بەشداری یاریی بەرامبەر نیوکاسل و کریستال پاڵاس نەکات.

لەلایەکی دیکەوە سێرجیۆ ئەگوێرۆ، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی پاڵپشتی خۆی بۆ یاریزانەکە لە پەیامێکدا لە رێگەی رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت، سیلڤا چەند کێشەیەکی هەیە، ئێستا کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکات و ئێمەش پاڵپشتی دەکەین بۆ ئەوەی کارنەکاتە سەر ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکە پێشکەشیدەکات.

ئەگوێرۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، سیلڤا بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەرای من ئێستا ئەو یەکێک لە باشترینەکانی هێلی ناوەڕاستە، هیوادام لەسەر ئەو ئاستە بەرزەی بەردەوامبێت.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دوورکەوتنەوەی سیلڤایان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو یاریزانە لەکاتێکدا خۆی و هاوژینەکەی سپی پێستن، بەشێوەیەکی نائاسایی منداڵێکی رەش پێستیان بووە.