لەسەر سکاڵای واندا نارا، ئیکاردی لەلایەن پۆلیسەوە لە ماڵەکەی دەرکرا

02-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن واندا نارا ماورۆ ئیکاردی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

واندا نارا، هاوژینی پێشووی ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەی یانەی گاڵاتەسەرای تورکی، لە ماڵەکەی لە نزیک بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، لەلایەن پۆلیسەوە دەرکرا.
 
ئیکاردی خۆی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە ئەژنۆی ئامادە دەکات، بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانیەوە لە یارییەکی یانە تورکییەکە.
 
نارای 37 ساڵان، لە 2014ەوە لەگەڵ ئیکاردی هاوژین بوون، بەڵام مانگی حەوتی ئەمساڵ، ئەو خانمە جیابوونەوەی لە ئیکاردی راگەیاند.
 
ئیکاردی لە یاریی نێوان گاڵاتەسەرای و تۆتێنهام لە یۆرۆلیگ دووچاری پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو و بەهۆیەوە تورکیای بەرەو ئەرجەنتین بەجێهێشت، لەپێناو ئەنجامدانی نەشتەرگەری.
 
رۆژنامەی 'زە سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک ئەفسەر و پۆلیس، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەدا، لەسەر سکاڵای واندا نارا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی ئیکاردی.
 
واندا نارا، ئیکاردی تۆمەتبارکردووە بەهەڕەشەلێکردنی، لەکاتی دەمەقاڵەیەکی نێوانیان.
 
واندا بەپۆلیسی گوتوە، کە دەکرێ ئیکاردی چەکی لەلا بێت لەنێو ماڵەکەیدا لە ناوچەی نۆردێلتا، هەربۆیە داوای پاراستنی خۆی لە هەڕەشەکانی ئەو یاریزانە کردووە.
 
لەسەر قسەکانی نارا، پۆلیس ماڵەکەی ئیکاردییان پشکنیوە، بەڵام دەستیان بەسەر هیچ چەکێکدا نەگرتووە.
 
پۆلیس، بەفەرمی ئیکاردی ئاگادارکردووەتەوە کە پێویستە لە شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی واندا دووربکەوێتەوە و ئەگەر سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
 
لارا پیرۆ، پارێزەری ئیکاردی، کارەکەی بە "شەرمهێن و نائەخلاقی" ناوبردووە.
 
ئەو دەڵێ، ئەوەی واندا کردوویەتی، تۆمەتبارکردنێکی بێبنەمایە و باسکردنە لە هەڕەشەیەک کە بوونی نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە