رامۆسە نوێیەکەی ریال، تۆمەتبارە بەدەستدرێژیی سێکسی
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی رابردوودا، رائول ئاسێنسیو، ئەو بەرگریکەرە لاوە بوو کە بووە فریادڕەسی ریال مەدرید لە نێو تەنگژەی قورسی پێکانە زۆرەکانی یانەکە.
ریال مەدرید، لە سەرەتای رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵدا، لەناکاو خۆی لە دۆخێکدا بینییەوە کە کەس ئیرەیی پێنەدەبرد. بەسەریەکەوە، میلیتاو، کارڤاخال و ڤاسکێزی لە هێڵی بەرگریدا لەدەستدا، هێڵی بەرگرییەک کە لە بنەمادا خۆی بەکەموکورتییەوە وەرزەکەی دەستپێکردووە و زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئالابا دەکات.
ئەو رۆژانەی ئیدی دەرگای بژاردەکان لەبەردەم کارلۆ ئەنچیلۆتیدا داخران، ئەو راهێنەرە ناچاربوو بۆ نۆژەنکردنەوەی بەرگرییە شپرزەکەی، پەنا بۆ کاستیا (تیپی دووەمی ریال مەدرید) ببات و لەوێ رائول ئاسێنسیو بانگهێشتی تیپی یەکەم بکات.
ئاسێنسیو، بەماوەیەکی کەم، متمانەیەکی زۆری بەدەستهێنا. بووە جێگەی سەرنجی میدیاکان و هاندانی هاندەرانی ریال مەدرید. لە یاریی یانەکە بەرامبەر لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ، وێڕای شکستی ریال مەدرید، بەڵام ئەو یاریزانە ئاستێکی بەرچاوی پێشکێشکرد و یانەکەی لە زیاتر لە گۆڵێکی لەسەدا سەد رزگارکرد.
ئاسێنسیو، بەرامۆسی نوێ ناودەبرێت. ئەو ئەگەرچی زۆری ماوە بۆ ئەوەی نزیک بێتەوە لەوەی رامۆس وەک بەرگریکەر و کاپتن پێشکێشی ریال مەدریدی کردووە، بەڵام توانایەکی گەورەی پێشانداوە. خۆیشی لە چەندین بۆنەدا دووپاتیکردووەتەوە، نموونەی باڵای لە یاریگەدا، رامۆسە.
رائول، ئەگەرچی هەلی پێکانە زۆرەکانی بەرگریی ریال مەدریدی بەباشی قۆستووەتەوە، بەڵام مانەوە و بەردەوامبوونی لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە، هەڕەشەیەک کە چیرۆکێکی شەرمهێنی لە پشتەوەیە.
ئەو خەونەی بەدینەهات
خەونی یارییکردنی ئاسێنسیو بەدرێسی یەکەمی ریال مەدریدەوە دەبوو زووتر بەدی بهاتایە، بەڵام لە دوا ساتەکاندا هەموو شتێک گۆڕا.
رۆژی 21/12/2023 ئاسێنسیو، یەکێکبوو لەو یاریزانانەی لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدەوە، بانگهێشتکرابوو بۆ یارییکردن لەگەڵ تیپەکە، بەڵام بەهۆی سکانداڵێکی سێکسییەوە دوورخرایەوە.
ئەوکات میدیاکان گوتیان، ئەنچیلۆتی ناچاربووە ئەو یاریزانە دووربخاتەوە، پاش ئەو هەڵایەی لەدوای بانگهێشتکردنیەوە سەریهەڵدا.
رۆژنامەی 'مارکا' ئەوکات ئاشکرایکرد، لە دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی لەسەر بانگهێشتکردنی ئاسێنسیو سەریانهەڵدا، ئەنچیلۆتی لە دانیشتنێکی داخراودا بەو یاریزانەی راگەیاندووە، ناچارە لە پێکهاتەی تیپەکەی دووری بخاتەوە.
هەرای دروستبوو لەسەر رائول پەیوەندی بەبڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هەیە کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا، سێکسیان لەگەڵ ئافرەتێکی خوار هەژدە ساڵان کردووە.
چیرۆکی گرتەکە
ماوەیەکی کەم بەر لە بانگهێشتکردن و دوورخستنەوەی رائول لە پێکهاتەی تیپی یەکەمی ریال مەدرید، میدیاکان ئاماژەیان بۆ سکانداڵێکی کرد لە نێو تیپی کاستییای یانەکە.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان بڵاویانکردەوە، چوار یاریزانی تیپی دووەمی ریال مەدرید، گرتەی ڤیدیۆییان لەگەڵ ئافرەتێکی 16 ساڵان بڵاوبووەتەوە کە سێکسیان لەگەڵداکردووە.
گرتە ڤیدیۆییەکە لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە لێکۆڵینەوەی تێدا کرا و هەر چوار یاریزانەکەی ریال مەدرید وەک تۆمەتبار لە دۆسێیەکەدا ناسێنران، چونکە سێکسیان لەگەڵ ئافرەتی خوار 18 ساڵ کردووە.
پاش لێکۆڵینەوەی دادگا، هەر ئاسێنسیو و سێ گەنجەکەی دیکە ئازادکران، بەڵام دادگا رایگەیاند درێژە بەلێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەدات.
سێ کەسەکەی دیکە، لە ریال مەدرید و تیپی کاستیای یانەکە چوونە دەرەوە، بەڵام رائول لەگەڵ یانەکە مایەوە و دادوەریش رازینەبوو لەسەر داوای پارێزەری ئەو یاریزانە، دۆسێیەکە دابخات.
ئاسێنسیو، وەرزی رابردوو، لە پێکهاتەی کاستیاش دوورخرابووەوە، بەڵام رائول گۆنزالێسی راهێنەری کاستیا، سووربوو لەسەر سوود وەرگرتن لە تواناکانی ئەو یاریزانە، هەر بۆیە لە یانەکە مایەوە.