کێشەیەکی گەورە بەرۆکی بارسێلۆنای گرتووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا یاسای دارایی یاریی خاوێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بیر لە دۆزینەوەی رێگەیەکی یاسایی دەکاتەوە بۆ تۆمارکردنی گرێبەستەکەی دانی ئۆلمۆ، کە هێشتا گرەنتی ئەوە نییە یانەکە لە زستاندا بتوانێت ناوی ئەو یاریزانە تۆماربکات.
 
بارسێلۆنا گرێبەستی ئەو یاریزانە بۆ تەنیا 6 مانگ تۆمارکردووە، لە مانگی یەکی داهاتوو کۆتایی پێدێت، بەهۆی یاسای یاریی دارایی خاوێنەوە، بۆیە دەیەوێت پرۆسەی تۆمارکردنی گرێبەستەکەی بۆ هەمیشەیی خێراتر بکات، لە ترسی سڕکردنی.
 
لاس پاڵماس ئاهەنگی 125 ساڵەی دامەزراندنی بارسێلۆنای تێکدا و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانە کەتەلۆنییەکەی بردەوە، کە لە سێ یاریی کۆتاییدا لە خولی ئیسپانیا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە.
 
هەرچەندە رێژەی کۆنترۆلی تۆپ لەلایەن بارسێلۆناوە نزیکەی 70% بوو، هەروەها نزیکەی 30 هەوڵی بۆ گۆڵکردن هەبوو، بەڵام لاس پاڵماس سوودی لەو چەند دەرفەتە کەمەی وەرگرت کە هەیبوو بۆ بردنەوە.
 
هێشتا بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ لە پێشەنگدایە و بە خاڵێک لە پێش ریال مەدریدی رکابەرەکەیەوەیە کە لە پلەی دووەمدایە و یارییەکی کەمتر کردووە.
 
دوای ئەو شکستە، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکرد کە یەکێک لە کارە رەهاکانی لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای بارسێلۆنا، تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆیە بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ تیپەکە بەردەوامبێت لە یاریکردن، کە لە مانگی یەکەوە دەستپێدەکات.
 
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ئۆفیسەکانی یانەکان کاردەکەن و هەوڵی زیاتر دەدەن، ئەوان گەشبینن، لانیکەم ئەوە دەڵێن، بەڵام ئاسان نییە.
 
روونیشیکردەوە، بارسێلۆنا کار لەسەر چەند رێگەچارەیەک دەکات بۆ ئەوەی داهاتی زیاتر بۆ یانەکە بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت گرێبەستی یاریزانەکە تۆماربکات، لەوانە گەڕانەو بۆ یاریگای کامپ نو، کە بارسا ماوەیەکە بەهۆی نۆژەنکردنەوە یاری تێدا نەکردووە.
 
سەبارەت بە چارەسەری دووەم، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کارگێڕیی یانەکە بەدوای گرێبەستی نوێی سپۆنسەریدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی گەنجینەی یانەکە زیندوو بکاتەوە و ئەو گرێبەستانە پەیوەستن بە "نیوەی خوارەوە"ـی درێسی تیپەکە.
 
چارەسەری سێیەم پەیوەندی بە وەڵامدانەوەی لالیگاوە هەیە بۆ گرێبەستی سپۆنسەری نایک، چونکە کارگێڕیی بارسێلۆنا بەڵگەی ئەوەی خستەڕوو کە داهاتی چاوەڕوانکراوی گرێبەستەکە زیاترە لە خەمڵاندنی سەرەتایی قازانجەکان.
 
هەرچۆنێک بێت، وەک ئەوەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆڵمۆ لە زستاندا ئاسان نییە، هەرچەندە بەرپرسانی بارسێلۆنا گەشبینن و دەڵێن دەتوانن تۆماری بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە