لە ئیسپانیا خۆپێشاندانە لە دژی رۆناڵدۆ

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن رۆناڵدۆ نازاریۆ یانەی ڤایادۆلید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەبەرزکردنەوەی دروشمی 'رۆناڵدۆ بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە'، رۆناڵدۆ نازاریۆی دیاردەی بەرازیلی، رووبەڕووی هێرش و رەخنەی تووندی ژمارەیەک خۆپێشاندەر بووەوە.
 
نازاریۆ کە خاوەنی زۆرینەی پشکەکانی یانەی ڤایادۆلیدە، دوای شکستی تیپەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر، لە شاری ڤایادۆلید رووبەڕووی رەخنەی زۆری هاندەرانی یانەکەی بووەوە.
 
ڤایادۆلید بەوەرزێکی خراپدا تێدەپەڕێت لە لالیگا، تیپەکە لە 15 یاری ئەمساڵدا تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە پلەی 20ی ریزبەندی لالیگایە و مەترسیی دابەزینی لەسەرە.
 
شکستە قورسەکە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، سەریکێشا بۆ دوورخستنەوەی پاولۆ پیتسۆلانۆی راهێنەری یانەکە لە کارەکەی.
 
یانەی ڤایادۆلید لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، یانەکە و پێتسۆلانۆ، لە یەکدی جیا دەبنەوە.
 
بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە، پاش خۆپێشاندانی ژمارەیەک لە هاندەرانی یانەکە هات، کە داوایاندەکرد دۆخی تیپەکە چاک بکرێت و سەرۆکی یانەکە کە رۆناڵدۆی دیاردەیە، دەستلەکاربکێشێتەوە.
 
ڤایادۆلید لە بڵاوکراوەکەدا گوتویەتی، دوای 70 یاری لە ماوەی سێ وەرزی لەسەریەک، چیدی پێتسۆلانۆی ئۆرۆگوایی لە مەشقدانی یانەکە بەردەوام نابێت.
 
پێتسۆلانۆ لە مانگی چواری ساڵی 2023 بەراهێنەری تیپەکە دەستنیشانکرا، بەڵام ئەوکات نەیتوانی لە دابەزین بۆ خولی پلە دووی ئیسپانیا بیپارێزێت. دواتر هەمان راهێنەر یانەکەی گەیاندەوە خولی پلە یەکی ئیسپانیا.
 
هاندەرانی ڤایادۆلید، رۆناڵدۆی دیاردە بەبەرپرسی دۆخی خراپی تیپەکەیان دادەنێن، چونکە وەکئەوان دەڵێن وەبەرهێنانی باش ناکات و یاریزانی باش بۆ یانەکە ناگوازێتەوە.
 
لە یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدریددا، هەندێک هاندەری یانەکە، لە سەرەتاکانی گێمی دووەمی یاریگەی یارییەکەیان بەجێهێشت، وەک ناڕەزایەتی لە دژی ئەو دۆخەی بەسەر تیپەکەدا هاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە