ریال مەدرید دواهەل دەداتە ئێمباپێ

رووداو دیجیتاڵ

 

قسە و باسە جۆراوجۆرەکانی میدیاکان سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان بۆ ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نەوەستاون و ئەمجارە سەرچاوەیەک باس لەوە دەکات کە ریال مەدرید دواهەل دەداتە ئێمباپێ.
 
لە نوێترین پێشهاتدا، لەو بارەیەوە تۆڕی ریلیڤۆ پشتڕاستی کردەوە کە یانەی شاهانە سەرقاڵی ئامادەکردنی دوایین دەستەوارەیە بۆ ئەوەی پێشکێشی ئێمباپێ بکات، بە ئامانجی ئەوەی لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، واتا 2024 ئێمباپێ بەشێوەیەکی فەرمی بکاتە یاریزانی خۆی.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید هەوڵدەدات سوود لەو ماوەیە یاساییە وەربگرێت کە ئێمباپێ دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک واژۆ بکات، واتا 6 مانگ پێش کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، ریال مەدرید ئەمجارە چاوەڕێ ناکات تاوەکو وەڵامێکی یەکلاکەرەوە لە گۆڵکاری مێژوویی سانجێرمان وەرنەگرێت.
 
لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە "بەرپرسانی یانە مەدریدییەکە چاوەڕێی ئەوەن کە کیلیان ئێمباپێ دەستبەجێ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە واژۆ بکات، ئەگەر بەڕاستی بیەوێت پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات".
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا تۆڕی ریلیڤۆ رایگەیاندووە، ئەم دەستەوارەیە دواهەوڵی یانەی ریال مەدرید دەبێت بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپێ و ئەگەر لە مانگی یەکدا گرێبەستی لەگەڵ نەکات، ئەوا یانەی شاهانە چیدی پێداگری لەسەر هێنانی ئێمباپێ ناکات.
 
کیلیان ئێمباپێی تەمەن 24 ساڵ، لە هاوینی 2017ـەوە یاری بۆ پاریس سانجێرمان دەکات، کە ئەوکاتە لەلایەن یانە پاریسییەکەوە بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ لە مۆناکۆوە گواسترایەوە.