چاوەڕوانی کۆتاییهات.. ئەمڕۆ تیروپشکی یۆرۆی 2024 رادەکێشرێت

02-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆی 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان دێت و رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی یۆرۆی 2024 ئەنجامدەدرێت و قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکە دەردەکەوێت کە هاوینی ساڵی داهاتوو رکابەرییەکانی لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن.
 
لە پاڵەوانێتییەکە 24 هەڵبژاردەی بەشداریی دەکەن، هەڵبژاردە بەشداربووەکان بەسەر 6 کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن، یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 10 یاریگە و 10 شاری جیاوازی ئەڵمانیا دەکرێن.
 
رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی یۆرۆی 2024 ئەمڕۆ کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە هۆڵی ئێلب فێلهارمۆنی لە شاری هامبۆرگ ئەنجامدەدرێت، کە یەکێکە لە شارە میواندارەکانی پاڵەوانێتییەکە و هۆڵەکەش یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین هۆڵەکانی ئەڵمانیان و جیهان.
 
لەگەڵ راکێشانی تیروپشکی یۆرۆی 2024 ناسنامەی 21 هەڵبژاردەی بەشدار لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دەردەکەوێت، تەنیا 3 هەڵبژاردە دەمێنن کە لە دوای ئەنجامدانی یارییەکانی پاشکۆ لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو ئەو سێ هەڵبژاردەیەش یەکلادەبنەوە.
 
هەڵبژاردە بەشدارەکانی یۆرۆی 2024 بەسەر چوار ئاستی جیاوازدا دابەشکراون کە بەمشێوەیەن.
 
ئاستی یەکەم؛ ئەڵمانیا، فەرەنسا، پۆرتوگال، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، بەلجیکا
ئاستی دووەم؛ تورکیا، دانیمارک، ئەلبانیا، رۆمانیا، هەنگاریا، نەمسا
ئاستی سێیەم؛ هۆڵەندا، کرواتیا، سلۆڤینیا، سکۆتلاند، سلوڤاکیا، چیک
ئاستی چوارەم؛ ئیتاڵیا، سێربیا، سویسرا، سێ هەڵبژاردەکەی پاشکۆی پاڵاوتنەکان

 
وەشانی داهاتووی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، دەبێتە 17ـەمین پاڵەوانێتی هەڵبژاردەکانی ئەوروپا کە لە ساڵی 1960ـەوە هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، جگە لەو پاڵەوانێتییەی کە بڕیاربوو ساڵی 2020 بکرێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵی 2021 ئەنجامدرا.
 
یارییەکانی پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024 رۆژی 14-6-2024 لە یاریگەی ئالیانز ئارێنای یانەی بایرن میونشن دەستپێدەکەن و یەکەم یاری بەڕێوەدەچێت، یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان تاوەکو 26ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبن، یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە رۆژی 14-7-2024 ئەنجامدەدرێت.
 
ئەمە جاری دووەمە ئەڵمانیا میوانداریی ئەم پاڵەوانێتییە دەکات، پێشتر لە 1988 میواندارییکردووە و ئەو کاتە هۆڵەندا نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە.
 
یارییەکانی یۆرۆی 2024، لە شارەکانی بەرلین، لە یاریگەی ئۆڵیمپی بەرلین، میونشن لە ئالیانز ئارێنا، دۆرتموند لە سیگناڵ ئیدونا پارک، شتوتگارت لە یاریگەی شتوتگارت ئارێنا، لە کێلسێنکێرشن لە یاریگەی ئاوف شالکە، لە فرانکفۆرت لە یاریگەی فرانکفۆرت ئارێنا، لە هامبۆرگ لە یاریگەی ڤۆلکسپارک ستادیۆن، دۆسلێدۆرف لە یاریگەی دۆسێلدۆرف ئارێنا، کۆلن لە یاریگەی کۆلن و لە شاری لایپزیگ لە یاریگەی رێدبوڵ ئارێنا بەڕێوەدەچن.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە