ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. ئۆڵدترافۆرد دەبێتە مەیدانی شەڕێکی قورس

رووداو دیجیتال

دەمێکە هەوادارانی تۆپی پێ چاوەڕێی یارییەکی ئاگرین دەکەن، کە لەنێوان دوو گەورە یانەی ئەوروپا لەسەر یاریگەی ئۆڵدترافۆرددا بەڕێوەدەچێت، کاتێک مانچێستەر یونایتد لە گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا میوانداری پاریس سانجێرمان دەکات.

یارییەکە دەرفەتێکە لە بەردەم یانە ئینگلیزەکە بۆ ئەوەی سەرکەوتنی خۆی لە کۆمەڵەی هەشت بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەربکات، کە زەحمەترین کۆمەڵەی ئەم قۆناخە بوو، هەروەها هەلێکە بۆ یانە فەرەنسییەکەش کە تۆڵە لە یانە ئینگلیزییەکە بکاتەوە، کە لە یاری چووندا لەسەر خاکی خۆیاندا شکستی پێهێناون، هەروەها بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی ئەو ریمۆنتادایەی هەمان یانە لە چامپیۆنزلیگی بەر لە دوو ساڵدا بەسەر فەرەنسییەکاندا کرد و لە چامپیۆنزلیگی دەرکردن.

پاریسییەکان کە 6 خاڵیان هەیە، ئەرکییان لەم یارییەدا ئاسان نابێت، چونکە بێجگە لەوەی ئیکاردی، سارابیا، دراکسلەر و بێرنات ناتوانن یاری بکەن، یاریزانەکانی دیکەشی لەژێر گوشاردا پێ دەخەنە نێو خاکی ئۆڵدترافۆرد، بەو پێیەی لایپزیگی ئەڵمانیش 6 خاڵی هەیە و ئامادەیە بۆ ئەوەی پلەی دووەمی کۆمەڵەکەش لێوەربگرێت، کە لە ئیستەنبوڵ بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی گرنگ بەرامبەر بەشاکشەهیر یاری دەکات، ئەو یانە تورکیەی تاوەکو ئێستا تەنیا 3 خاڵی هەیە و بردنەوە لێی ئاسانە.

لە دوایین سێ یاری نێوانیان لە چامپیۆنزلیگدا، مان یونایتد دووجار لە پی ئێس جی بردووەتەوە و تەنیا جارێک پێیان دۆڕاوە، کە هەردوو بردنەوەی ئینگلیزەکان لەنێو خاکی پاریسدا بووە، بۆیە دەکرێت فەرەنسییەکانیش لەنێو خاکی ئینگلیزەکاندا تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، بە تایبەتی کە کیلیان ئێمباپێ و نەیمار ئەمجارە پێکەوە بۆ یارییەکە ئامادەن.

لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، پێشوەختە بارسێلۆنا و یوڤێنتوس گەیشتنیان بە قۆناخی دواتر مسۆگەرکردووە، کە یەکەمیان دەبێتە میوانی فێرێنسڤارۆشی هەنگاری و دووەمیشیان میوانداری دینامۆکیێڤی ئۆکراینی دەکات، کە هەردوو یانەکە یەکەو تەنیا خاڵێکیان هەیە.

بەڵام لەوانەیە لەدوای یارییەکە پەشیمانی دادی رۆناڵد کۆمانی راهێنەری بارسا نەدات، بەهۆی ئەو سەرکێشییەی کردوویەتی، کە هەردوو کۆڵەکەی تیپەکەی بۆ ئەم یارییە، لیۆنێل مێسی و تێرشتیگن، لەگەڵ کۆتینیۆشی دوورخستووەتەوە، چونکە ئەگەر فێرێنسڤارۆش سوپرایزێک بکات و ئەنجامێکی باش لە بەرامبەر بارسا بەدەستبهێنێت، دەرفەتێکی زێڕین دێتە پێش یوڤێنتوس بۆ ئەوەی بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکە لە قورگی بارسێلۆنا دەربێنێت، بەتایبەتی کە لە دوایین گەڕدا ئەو دوو یانەیە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.