ریال مەدرید بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنا دەباتە بەر هاوڕێیەکی مێسی

رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید، بڕە پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە بۆ گواستنەوەی هاوڕێیەکی لیۆنێل مێسی، لە ماوەی گواستنەوەی مانگی یەکی داهاتوودا، بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی، کە لە سەرەتای وەرزەوە بەدەست کەموکوڕییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت.
 
دوای وازهێنانی تۆنی کرووسی یاریزانی ئەڵمانی لە وەرزی رابردوودا، کێشەی زۆر روون لە هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید سەریانهەڵدا، دوای ئەوەی چوامینیی یاریزانی فەرەنسی نەیتوانی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، کە ئەستێرە ئەڵمانییەکە لە پێکهاتەکەی مێرینگێدا بەجێیهێشتووە.
 
ریال مەدرید لە ئیلکلاسیکۆدا بەئەنجامی 0-4 بە بارسێلۆنا دۆڕا، دوای داڕمانی هێڵی ناوەڕاستی لە گێمی دووەمدا، ئەمە جگە لە دۆڕانێکی کتوپڕ کە تیپەکە بەرامبەر یانەی لیلی فەرەنسی لە چامپیۆنزلیگدا بەهەمان هۆکار تووشی بوو.
 
میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە کە یانەی ریال مەدرید ئامادەیە بڕی 84 ملیۆن یۆرۆ بداتە یاریزانی یانەی چێڵسی، ئینزۆ فێرناندێزی ئەرجەنتینی، بەمەبەستی ئەوەی ئەو کێشەیە لە هێڵی ناوەڕاستی تیپی شاهانە چارەسەر بکات.
 
ئینزۆ فێرناندێز، لە مۆندیالی 2022 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئاستێکی بەرچاوی پێشکەشکرد، لەگەڵ مێسی هاوڕێیدا رۆڵێکی کاریگەریان بینی لە بردنەوەی نازناوی مۆندیال.
 
ئینزۆ فێرناندێز، لە ساڵی دووەمیدا لەگەڵ چێڵسی، وەک چاوەڕوان دەکرا دەرنەکەوت، هەروەها دەرفەتی پێویستیشی بۆ بەشداریکردن نەبووە، بەڵام لە ریال مەدرید پێیانوایە ئینزۆ یاریزانێکی نایابە بۆ شوێنگرتنەوەی تۆنی کرووس، بەڵام تاوەکو ئێستا راهێنەرێکی ئەوتۆی نەبووە کە باشترین ئاستی لێدەربکات.
 
میدیاکانی ئیسپانیا، باس لەوەش دەکەن کە ئەگەر چێڵسی رەتیبکاتەوە ئەو یاریزانە بفرۆشێت، ئەوا ریال مەدرید پێشنیازی پێشکەشکردنی ئۆریلیێن چوامینی یاریزانی تەمەن 24 ساڵان دەکات بۆ بلوز، بۆ ئەوەی بە ئینزۆ بگۆڕێتەوە، و یاریزانە ئەرجەنتینییە تەمەن 23 ساڵانەکە بچێتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، و دەڵێن "تەنانەت ریال مەدرید ئامادەیە لەگەڵ چوامینی هەندێک پارەش بداتە چێڵسی".