چوار هۆکار وایانکردووە فلۆرێنتیۆ پێرێز بڕیاری دەرکردنی ئەنچێلۆتی بدات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەکانی ئیسپانیا دەستیان کردووە بە ئاماژەدان بەوەی کە کێشە و ناکۆکی لەنێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری تیپەکەدا هەیە و دەڵێن "ئەگەری هەیە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە ئێستاوە بڕیاری دەرکردنی ئەنچێلۆتی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دابێت".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، سەرۆکی ریال مەدرید لە ئێستاوە دەستیکردووە بە بیرکردنەوە لە بژاردەکانی سەر مێزەکەی بۆ سەرکردایەتیکردنی مێرێنگێ لە شوێنی کارلیتۆ لە وەرزی نوێدا.
لەوانەیە دۆڕانە گەورەکەی ریال مەدرید بەئەنجامی 4-0 بە بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا، خاڵی تەقینەوەی تووڕەیی پێرێز بێت، چونکە تیپی کەتەلۆنی رکابەری تەقلیدی یانەی شاهانەیە و شکستێکی لەو جۆرە لێدانێکی بەهێزە لە هاندەرانی ریال مەدرید.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شکستە هۆکاری راستەوخۆ نەبوو بۆ ئەوەی پێرێز ئاگری تووڕەیی بەرامبەر ئەنچێلۆتی هەڵبکات، بەڵام وایلێکرد بڕیاربدات کە مانەوەی لەسەر کورسی راهێنەری یانەی شاهانە نزیکە لە گەیشتن بە کۆتایی.
لێرەدا پێداچوونەوە بەو هۆکارانە دەکەین، کە پێدەچێت پەیوەندی نێوان ئەنچێلۆتی و پێرێزیان بەتەواوی تێکدابێت.
کەوتنی لەناکاو لەبەردەم لیل
لەگەڵ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ بەتایبەتی لە گەڕی دووەمدا، ریال مەدرید تووشی شکستێکی کتوپڕ بوو بەرامبەر یانەی لیلی فەرەنسی لەسەر یاریگای پیێر ماورۆیس، کە بە گۆڵێکی جۆناسان داڤیدی کەنەدی پێیدۆڕا.
هەرچەندە یانەی شاهانە کۆمەڵێک ئەستێرەی هەیە، بەڵام بەدرێژایی گێمی دووەم نەیانتوانی لە شکستەکە بگەڕێنەوە و ئەنجامەکە باشتر بکەن.
لەم یارییەدا لیل توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر مێرێنگێدا بەدەستبهێنێت، کە لە مانگی ئایاری 2023ـەوە لەم پاڵەوانێتییەدا نەدۆڕابوو.
کێشەی یارییەکەی لیل بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی تەنیا ئەوە نییە کە یەکەم دۆڕانە بۆ تیپی شاهانە لە چامپیۆنزلیگدا لەدوای چەندین مانگ، بەڵکو لەبەرئەوەی دوای ماوەیەکی کەم هات کە تیپی شاهانە لە دێربیی مەدریددا بەگۆڵێک لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی دراوسێی خۆی لە لالیگادا یەکسان بوو.
پشتگوێخستنی بەهرەمەندە گەنجەکان
لەنێو ئەو رەخنە نەرێنیانەی ئاراستەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی دەکرێن، پشتگوێخستنی بەهرەمەندە لاوەکانە، وەک ئێندریک فیلیپی بەرازیلی و ئاردا گولەری تورکی، کە لەسەر کورسی یەدەگ گیریان خواردووە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێندریک تەنیا چەند خولەکێک دەرفەتی یاریکردنی پێدراوە، سەرەڕای ئەوەی هەرکاتێک چووبێتە نێو یاریگا وەک یاریزانێکی گرنگ لە پێکهاتەی تیپی شاهانەدا دەرکەوتووە.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، لە راپۆرتێکی ئەم دواییەیدا، ئەستێرە بەرازیلییەکەی بە "نەبینراو" وەسفکردووە، روونیشیکردووەتەوە "ئێندریک لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا لە یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر لیل لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەستیپێکرد، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بەشداری لە هیچ یارییەکی دیکەدا بکاتەوە. لە کاتێکدا ئەم یاریزانە لە سەرەتای وەرزدا بەئاستێکی بەرز دەستیپێکرد، کە لە لالیگادا لە گەڕی دووەمدا بەرامبەر ڤایادۆلیدا گۆڵی کرد و لە چامپیۆنزلیگدا لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر شتوتگارتی ئەڵمانی گۆڵی تۆمارکرد، کەچی ئێستا هیچ بایەخێکی لای کارلۆ ئەنچێلۆتی نەماوە.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئێندریک درک بەوە دەکات کە ماندووبوون و تێکۆشان لە یانەی ریال مەدرید رێگەی بەدەستهێنانی خولەکی یاریکردنە لە یاریگادا. ئەو تەنیا لە 107 خولەکی یاریکردندا 12 لێدانی بەرەو گۆڵی تیپە رکابەرەکان ئاراستە کردووە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە، و بەشێوەیەکی گشتی ئەو دیدگایەی لای هاندەران دروستکردووە کە هەرکاتێک لە ناوچەی سزای تیپی رکابەر نزیک ببێتەوە مەترسی دروست دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو یاریزانە هەر کاتێکیش هەستیکرد مەترسی لەسەر ریال مەدریدە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە بەرگریکردن بکات.
هەندێک دەستپێکی ئێندریک لەگەڵ ریال مەدرید بە دەستپێکی ڤینیسیۆس جونیۆری هاونیشتیمانییەکەی دەچوێنن، کە لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە ساڵی 2018 پەیوەندی بە یانەی مێرێنگێیەوە کرد و پێویستی بە ماوەیەک بوو بۆ ئەوەی خۆی بەباشی لەگەڵ تیپەکە بگونجێنێت و ببێتە ئەستێرەی تیپەکە.
ئاردا گولەر، ئەستێرەی تورکیا، کە لە هاوینی 2023 لە فێنارباخچەی تورکییەوە رووی لە مێرێنگێ کردووە، هاوکات نیشانەی پرسیارێکی گەورەیە لەسەر راهێنەرایەتی ئەنچێلۆتی سەرەڕای درەوشاوەییەکی زۆری لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، و تەنانەت ئەو چەند جارەی لەگەڵ ریال مەدریدیش بەشداری کردووە بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتووە، بەڵام هێشتا زۆربەی کاتەکانی دوور لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکە بەسەردەبات.
لە سەرەتای وەرزی ئێستاوە تاوەکو هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئاردا گولەر بەشداری لە 11 یاری لەگەڵ ریال مەدرید کردووە لە رکابەرییە جیاوازەکاندا، بەڵام لە زۆربەیاندا وەک یاریزانی یەدەگ یاری کردووە، کە کۆی گشتی خولەکەکانی یاریکردنی 292 خولەکە، و لەو ماوەیەدا یاریزانە لاوەکە هیچ گۆڵێک و هیچ ئەسیستێکی نەبووە، بەڵام بەگشتی گولەر لە 23 یارییدا بەدرێسی ریال مەدریدەوە 6 گۆڵی تۆمارکردووە.
بوومەلەرزەی کلاسیکۆ
دۆڕاندنە گەورەکەی ریال مەدرید بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی لالیگادا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر، گەورەترین گوناحە، کە هاندەرانی ریال مەدرید یان سەرۆکەکەی ناتوانن لە ئەنچێلۆتی خۆشببن، ئەمەش بە هۆکاری تەکنیکی و مەعنەوی.
پێشتر زۆرجار دۆڕانی هاوشێوە بەرامبەر بارسا بووەتە هۆی رۆیشتنی راهێنەرانی پێشوو، یان راستترە بڵێین دەرکردنیان لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە، وەک رافا بینیتێز و یولین لۆپێتێگی.
بەگوێرەی رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی، کەسانی نزیک لە پێرێز، ئاشکرایانکردووە کە شکستی ئیلکلاسیکۆ بەو ئەنجامە گەورەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە مێشکی سەرۆکی ریال مەدرید دەرناچێت، و هەروەها چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە تیپی یەکەمەوە هەن، کە پێرێزیان بێزار کردووە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی دانی بەوەدانابوو کە هەڵەی لە پلانەکەیدا کردووە لە یارییەکەی ئیلکلاسیکۆدا، و لە راستیدا دوای یارییەکە رەخنەیەکی زۆر لە بڕیارە تەکنیکییەکانی راهێنەرەکە گیرا.
کیلیان ئێمباپێ
سەرەڕای سەرکەوتنەکانی ئەنچێلۆتی لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ تیپەکەدا، بەڵام لەوانەیە شێوازی راهێنەرایەتی ئەو، باشترین یاریزانی تیپەکە، کیلیان ئێمباپێ رووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ بکاتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، سوودمەندنەبوونی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە هاتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی ریال مەدرید تاوەکو ئێستا یەکێکە لەو هۆکارانەی کە کارگێڕیی یانەکە هەست بەوە بکات کە پلان و ستراتیژییەکانی راهێنەری ئیتاڵی بەسەرچوونە، هەروەها پێویستی بە زیندووکردنەوەی تیپەکە هەیە بە پلانی نوێ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە گەشتەکانی بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکان.
ئەنچێلۆتی مەیلی بۆ ئەو تاکتیکەکانە دەچێت کە پشت بە نەرمی و هاوسەنگی بەرگری دەبەستێت، لەکاتێکدا ئێمباپێ بە تواناکانی هێرشبردن و خێراییە بەرزەکەی جیا دەکرێتەوە، ئەمەش لەوانەیە وایلێبکات لەو پلانانەدا باشتربێت کە زیاتر پشت بە هێرشی خێرا و هەڵگەڕاوە ببەستێت.
هەروەها یاریکردنی هەردوو هێرشبەری بەرازیلی، ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ، وادەکات قورس بێت بۆ ئەنچێلۆتی هاوسەنگییەک بدۆزێتەوە کە رێگە بە ئێمباپێ بدات لە پێگەی دڵخوازی خۆیدا لە باڵ یان وەک هێرشبەری پێشەوە یاری بکات، ئەمەش بێگومان بەرهەمی کیلیان کەم دەکاتەوە.
هەروەها رەخنەی زۆر لە ئەنچێلۆتی گیرا کە ئێمباپێی لە شوێنێکدا دامەزراند کە وەک هێرشبەر لەگەڵیدا ناگونجێت، ئەمەش لەوانەیە کاریگەری یاریزانەکە و توانای کاریگەری لەسەر یارییەکان کەم بکاتەوە.
کیلیان ئێمباپێ یارییەکانی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەک دەستپێکرد کە دەتوانرێت بە قبوڵکراو وەسف بکرێت نەک زیاتر، بەو پێیەی تاوەکو ئێستا لە 14 یارییدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستیشی هەیە.