ئانتۆنیۆ کۆنتی: دەبێ کار بکەین نەک تەنیا نزا و نوێژ
رووداو دیجیتاڵ
ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، دەڵێ تیپەکەی لەسەرەتای کاروانی وەرزی ئەمساڵدا، هەمووانی شۆککردووە، بەڵام ئەگەر بیەوێت لە لووتکەدا بمێنێتەوە و نازناوەکە بباتەوە، پێویستی بەوە هەیە کاری زیاتر بکات، نەک نزا.
ناپۆلی، وەرزی رابردوو پلەی دەیەمی ریزبەندی سێری ئای گرت، لە کاتێکدا بەرگری لە نازناوەکەی دەکرد، ئەوەش بووە هۆکار بۆ گۆڕینی دوو راهێنەر لە یانەکە. بەڵام ئەمساڵ لە دۆخێکی زۆر پێچەوانەدا دەبینرێت.
کۆنتی لەگەڵ ناپۆلی، بە شکست بەرامبەر هێلاس ڤیرۆنا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دەستیپێکرد، بەڵام دواتر زنجیرەی سەرکەوتنەکانی دەستپێکرد. کۆنتی دەڵێ تیپەکە هێشتا لە قۆناخی گەشەکردندایە.
لە دوای شکستەکەی ڤیرۆناوە، ناپۆلی لە نۆ یاریدا هەشت یاریی بردووەتەوە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە، بەوەش بەجیاوازیی چوار خاڵ لە ئینتەرمیلانی هەڵگری نازناوەوە دوورە.
کۆنتی لەبارەی ئەگەری بردنەوەی نازناوی سێری ئا لەلایەن یانەکەیەوە، دەڵێ، "من باوەڕم بە کار هەیە، بەڵام خۆشم وەک کەسێکی باوەڕدار دەناسم".
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەمیشە نزا بۆ تیپەکەم دەکەم کە باش بێت، ئەمە جیا لەوەی کە نوێژ بۆ خێزانەکەم و یاریزانەکانم دەکەم. دەبێ ئێمە پێکەوە کاربکەین، لە شێفەکەمانەوە، تاوەکو کارمەندی ژووری جلگۆڕین و هەمووان، بۆ ئەوەی شتێکی جوان دروست بکەین و هەر کارێک بکەین تاوەکو خاڵێکی زیاتر بەدەست بهێنین".
راهێنەری ناپۆلی هەروەها دەڵێ، "ناکرێ هیچ هەڵەیەک بکەین، ئێمە لەدۆخێکدا نین رێگەمان بدات هەڵە بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا لە تۆپی پێدا پەرجوو روودەدات، بەڵام دەبێ کاربکەین بۆ ئەوەی پەرجووەکە رووبدات، نەک تەنیا نزا و نوێژ بکەین بۆ رووداونی".
کۆنتی کە پێشتر چیرۆکی سەرکەوتنی لەگەڵ چەندین یانەی جیاوازدا نووسیوەتەوە، چاوی لە تۆمارکردنی مێژوویەکی گەورەیە لەگەڵ ناپۆلیش، ئەگەر بتوانێت جارێکی دیکە ئەو یانەیە بباتەوە سەر سەکۆی نازناوی سێری ئا.