یانەی ئاسۆ چاوی لە نازناوی باسکەی کوردستانە
رووداو هەولێر
یارییەکانی خولی نایابی باسکەی کوردستان بەردەوامن، یانەی ئاسۆ سێیەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رکابەری لەسەر پلەی پێشەنگی و بردنەوەی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەکە دەکات.
ئەمساڵ 7 یانە بەشدارن لە خولی نایابی باسکەی کوردستان، یارییەکان بەشێوازی خول بەیەک قۆناخ بەسەرپەرشتی یەکێتیی باسکەی کوردستان بەردەوامن و هەر یانەیەک زۆرترین خاڵ و بردنەوە کۆبکاتەوە دەبێتە پاڵەوانی خولەکە.
یانە بەشدارەکان بریتین لە: ئاسۆ، سابیس، ئەکاد عەنکاوە، زاخۆ، زانکۆی سلێمانی، هێرش لەگەڵ سۆلاڤی نوێ.
لە گەڕی چوارەمی خولەکەدا، یانەی ئەکاد عەنکاوە میوانداریی یانەی ئاسۆی کرد، کە یانەی میوان دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز توانی یارییەکە بەئەنجامی 76 خاڵ بەرامبەر بە 52 خاڵ بباتەوە، کە ئەمە سێیەم سەرکەوتنی یانەی ئاسۆیە و تیپەکە خاڵەکانی بوون بە 6 خاڵ و رکابەری یانەی زاخۆ لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکات، کە سوورپۆشانی خابوور هەمان ژمارەی خاڵیان کۆکردووەتەوە.
محەممەد حازم، یاریزانی یانەی ئاسۆ لە لێدوانێکی بۆ رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ پلانی ئێمە بردنەوەی نازناوەکەیە و بۆیە دەبینین ریزەکانمان بە ژمارەیەک یاریزانی بە ئەزموونی کوردستان و عێراق تۆکمە کردووە، لە یارییەکەی ئەمڕۆش ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد".
یانەی ئەکاد عەنکاوە خراپترین ئاستی پیشانداوە و نەیتوانیوە بردنەوە تۆماربکات، یانەکە بەر لە خولەکە بە دوو رۆژ دەستی بە راهێنان کردووە و تەنانەت راهێنەرەکەی کە خەڵکی سوریایە بەر لە دوو رۆژ ئەرکەکەی لەگەڵ یانەکە وەرگرتووە، کەمی لێهاتووی جەستەی یاریزانانەکانی وایکردووە بەردەوام چەند یاریزانێکی تووشی پێکان بن.
لەیس فوئاد، کاپتنی یانەی ئەکاد عەنکاوە، لەبارەی ئەنجامە خراپەکانی گوتی "مخابن سەرباری کەمی لێهاتووی جەستەیمان و پێکانی یاریزانانمان، ئاستی ناوبژیوانانی کوردستان زۆر باش نییە و بڕیاری هەڵە دەدەن، ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی یاریزانان دەبێت".
هەر لە یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی باسکەی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێر یانەی سابیس یاری لەگەڵ یانەی سۆلاڤی نوێ دەکات، یانەی سابیس ناوێکی نوێیە لە وەرزشی کوردستان، بەڵام تیپێکی رکابەرە و دەیەوێت لە پلەکانی پێشەوە بێت.