رووداو دیجیتاڵ
خۆسێ کاستیێخۆ، یاریزانی پێشووی یانەی ڤالێنسیا، لە لافاوەکەی ئەم دواییەی ئیسپانیا بەشێوەیەکی کارەساتئامێز گیانی لەدەستدا.
چەند رۆژێکە زریان و لافاوێکی گەورە ئیسپانیای گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە و زۆر کەس ترسیان لەوە هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەکان بەردەوام بەرزببنەوە.
تیمەکانی فریاگوزاری ماڵ بە ماڵ لە ناوچەی ڤالێنسیا کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە رۆژهەڵاتی ئیسپانیا پشکنین دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترسی بەرپرسان لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە زیادبووندایە.
زریانەکەی ناسراو بە "دانا" چەندین پرد و باڵەخانەی وێرانکردووە و هاوکات شارەکان ژێرئاوکەوتوون، هەروەها هەزاران ئۆتۆمبێل لەنێو شەقامەکاندا سەرئاوکەوتوون.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بۆ ماوەی هەشت کاژێر باران بەسەریەکەوە باری، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ رێژەی باران بارین لە ماوەی ساڵێکی تەواودا.
لەنێو قوربانییەکاندا یاریزانی تۆپی پێ خۆسێ کاستیێخۆ هەیە، کە لە تەمەنی 28 ساڵیدا گیانی لەدەستداوە، ئەو یاریزانەی بۆ ڤالێنسیا و ژمارەیەک یانەی وڵاتەکەی یاری کردووە.
ڤالێنسیا لە بڵاوکراوەیەکدا، سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییەکە دەکات و دەڵێت "نیگەران و خەفەتبارین بۆ مردنی خۆسێ کاستیێخۆ، کە یەکێکە لە قوربانیانی کارەساتەکانی دانا، ئەو یاریزانەی لە قۆناخی لاویدا بەشێک بووە لە ئەکادیمیای یانەکەمان و بۆ چەندین تیپ لە ناوچەی ڤالێنسیا یاری کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ