راهێنەری بەرازیل: تۆڵەی باڵۆن دۆر بۆ ڤینیسیۆس دەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

دۆریڤال جۆنیۆر، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل رایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید کرا لە باڵۆن دۆر، ناهەقیی بوو. بەڵێنی بەو یاریزانەدا بەشێوەیەکی ناوازە قەربەووی بکاتەوە.
 
دۆریڤال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەڵوەستەی لەسەر ئامادەکارییەکانی سامبا بۆ هەردوو یاریی داهاتووی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال کرد بەرامبەر هەریەکە لە ڤێنزوێلا و ئۆرۆگوای.
 
دۆریڤال لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا لیستی هەڵبژاردەکەی بۆ ئەو دوو یاریی راگەیاند و هەریەکە لە نەیمار و ئیندریکی دوورخستەوە، لە کاتێکدا بانگهێشتی ڤینیسیۆس جۆنیۆری کردووە.
 
دۆریڤال لەبارەی رووداوەکانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، گوتی ئەوەی روویدا ناهەقی بوو بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بەڵام ئێمە لە هەڵبژاردەی بەرازیل قەرەبووی ئەو رووداوەی بەوە بۆ دەکەینەوە کە بەشداری لە یاریی کۆتایی مۆندیالی داهاتوو بکات.
 
قسەکانی دۆریڤال پاش مشتومڕی چەند رۆژی رابردوو دێن لەبارەی خەڵاتی باڵۆن دۆرەوە، پاشئەوەی دووشەممەی رابردوو خەڵاتەکە بە رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی درا، لە کاتێکدا پێشبینیدەکرا ڤینیسیۆس براوە بێت.
 
راهێنەری بەرازیل دەڵێ، "پێموایە ناهەقی بوو کاتێک باڵۆن دۆر بە ڤینیسیۆس نەدرا، بەڵام ئەوە خەڵاتێکی تاکەکەسییە و ئەگەر یەک یاریزان هەبێت یەکلاکەرەوە و بەهرەی خۆی دەرخستبێت لە وەرزی رابردوودا، ئەو یاریزانە ڤینییە".
 
راهێنەری بەرازیل دەڵێ، "هیچ شتێکم بەرامبەر رۆدری یاریزانی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا نییە. خەڵاتەکە رێزلێنانبوو لەو یاریزانە گەورانەی ئیسپانیا لە ماوەی رابردوودا بەرهەمی هێناون".
 
هەڵبژاردەی بەرازیل، هەفتەی داهاتوو مەشق و ئامادەسازییەکانی بۆ دوو یاریی داهاتوو لە کاروانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 ئەنجامدەدات کە بڕیارە رۆژانی 14 و 19ی ئەم مانگە ئەنجامیان بدات.
 
راهێنەری بەرازیل ئاشکرایکرد، "لەدوای باڵۆن دۆرەوە قسەم لەگەڵ ڤینی نەکردووە تاوەکو بزانم دۆخی دەروونیی چۆنە لە کاتێکدا زۆر کەس پێیانوابوو ئەو خەڵاتەکە دەباتەوە".
 
دەستنیشاننەکردنی ڤینیسیۆس بەبراوەی باڵۆن دۆر، کاردانەوەی تووندی یانەی ریال مەدرید لێکەوتەوە. یانەکە بایکۆتی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی کرد.