کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڕەشە دەکات

02-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی هیلال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودیە، لە یەکەم هەڵوێستیدا دوای یەکسانبوونی یانەکەی لەگەڵ هیلال، دووپاتیکردەوە "هێشتا شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە".
 
یانەی نەسڕ لە گەڕی نۆیەم لە خولی پیشەگەری رۆشندا میوانداریی یانەی هیلالی کرد و یارییەکە بە یەکسان بوون بەئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
 
یانەی نەسڕ لەم یارییەدا نزیکبوو لەوەی یانەی هیلال لە خولەکەدا تووشی یەکەم دۆڕان بکات، کە 56 یارییە لەسەر ئاستی ناوخۆ نەدۆڕاوە، بەڵام سێرج میلینکۆڤیچ ساڤیچی ئەستێرەی سڕبی لە دوایین 15 خولەکی یارییەکەدا تۆڕی نەسڕی هەژاند و تیپەکەی لە دۆڕان رزگارکرد.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی "X" دوو وێنەی یارییەکەی بڵاوکردەوە، یەکەمیان لەگەڵ خاوەنی گۆڵی تیپەکەیان، تالیسکای بەرازیلی، دووەمیشیان لە کاتی خۆشحاڵی دەربڕین لەگەڵ هاوڕێکانی دوای گۆڵەکە.
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کۆمێنتێکی لەگەڵ دوو وێنەکەدا کردووە و تێیدا دەڵێت "هێشتا شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە، سوپاس بۆ هەمووتان بۆ پشتگیریکردنی ئەمڕۆتان!".
 
دۆن بەمشێوەیە پەیامێکی تایبەت بۆ هاندەرانی نەسڕ ناردووە، و دەیەوێت پێیانبڵێت کە تیپەکەیان هێشتا گرەوێکی جددی لەسەر نازناوی خولی سعودیە دەکات.
 
لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو سەرکەوتنی شەشەمی راهێنەری ئیتاڵی، ستیفانۆ پیۆلی دەچوو، یانەی هیلال یەکسانبوونێکی بەنرخی لە یانەی نەسڕ وەرگرت، و جیاوازییەکەی لەگەڵ نەسڕ بە 6 خاڵ هێشتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر نەسڕ براوە بووایە، جیاوازییەکە بۆ تەنیا 3 خاڵ کەم دەبووەوە.
 
یانەی نەسڕ هەرکاتێک رووبەڕووی یانەی هیلال دەبێتەوە، ناتوانێت ئەنجامێکی باش بەدەستبێنێت، چونکە دوایین سەرکەوتنی بەسەر هیلالدا لە خولەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ 16ـی کانوونی دووەمی 2021.
 
تەنانەت دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مانگی یەکی ساڵی 2023 رووی لە ریزەکانی نەسڕ کردووە، تیپەکە سەرکەوتوو نەبووە لە کردنەوەی گرێکوێرەی یارییەکانی دێربیی ریاز.
 
دوای تێپەڕبوونی 9 گەڕ لە خولی رۆشن، یانەی هیلال بەکۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پێشەنگی خولەکەدایە، یانەی نەسڕیش بە 19 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە