ریال مەدرید بە یەک ملیار یۆرۆ پارێزگاری لە هێرشبەرە بەرازیلییەکەی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، گرێبەستی هێرشبەرە بەرازیلییەکەی، رۆدریگۆی تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2028 درێژکردەوە.
 
رۆدریگۆ لە ساڵی 2019 گەیشتە ریال مەدرید، ئەوکات تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بوو، یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید کاستییا، لە 14ـی ئەیلوولی 2019 ئەنجامدا، لە 25ـی هەمان مانگیشدا، یەکەم گۆڵی خۆی لە یەکەم یاریی فەرمی لەگەڵ یانەی شاهانە تۆمارکرد.
 
رۆدریگۆ، تەمەن 22 ساڵ لە زۆر لەو نازناوانەی کە ریال مەدرید لە وەرزەکانی رابردوودا بەدەستی هێناون، رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە.
 
لە رێگەی گەیشتن بە جامی 14ـی چامپیۆنزلیگ، رۆدریگۆ چەند گۆڵێکی تۆمارکرد کە یارمەتی ریال مەدریدیان دا قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی پاڵەوانێتییەکە ببڕێت.
 
لە دوایین نازناوی تیپەکەدا، جامی شای 2023، کە لە سێڤییا بەڕێوەچوو، هەردوو گۆڵی ریال مەدرید لە یاریی کۆتاییدا، کە 2-1 لە ئۆساسونای بردەووە، رۆدریگۆ تۆماریکردن و باشترین یاریزانی یارییەکە بوو.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆییەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” رایگەیاندووە کە گرێبەستە نوێیەکەی رۆدریگۆ بڕگەیەکی سزایی لەخۆگرتووە بە بەهای یەک ملیار یۆرۆی.
 
گرێبەستەکەی رۆدریگۆ لە هاوینی 2025 کۆتاییهات، دواتر یانەی ریال مەدرید گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 درێژکردەوە.