یانەی جەوییە بۆ رووداو: پاسپۆرتی بنزیما و کانتێمان بۆ هاتووە بۆ ئەوەی ڤیزایان بۆ وەربگرین

رووداو هەولێر 

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، شاندی یانەی ئیتیحادی سعودی بەمەبەستی ئەنجامدانی سێیەم یارییان لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەرامبەر یانەی جەوییە، گەشتی شاری هەولێر بکات. یانە بەغدادییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پاسپۆرتی کەریم بنزیما و ئینگۆلۆ کانتێمان بۆ هاتووە، بۆ ئەوەی ڤیزایان بۆ وەربگرین".
 
یارییەکە رۆژی 6ـی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری، کاژێر 15:00 بەڕێوەدەچێت، کە ئەحمەد ئەبوبەکری عوممانی ناوبژیوانی یارییەکە دەبێت.
 
شاندی یانەی ئیتیحادی سعودی لە 75 کەس پێکدێت، کە بەفڕۆکەیەکی تایبەتیی هێڵی ئاسمانی سعودی روودەکەنە پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکە کراون لە شوێنی میوانانی تایبەت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، یانەی ئیتیحاد لە هۆتێل دیڤان دەمێنێتەوە. 
 
عەلی مەنسوور، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی جەوییە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ میوانداریکردنی یانەی ئیتیحاد بە هاوکاری بەڕێوەبەری گشتی وەرزشیی کوردستان و پارێزگاری هەولێر تەواو کردووە، ئێمە دەتوانین بەجوانترین شێوە لە شاری هەولێر میوانداریی ئەستێرەکانی جیهان بکەین". 
 
یارییەکەی یانەی جەوییە و ئیتیحادی سعودی، چاوێكی زۆری لەسەرە و بووەتە باسێكی گەرمی شەقامی وەرزشیی عێراق، بەهۆی بوونی کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی لە ریزەکانی یانە سعودیەکەدا. 
 
مەنسوور گوتی "کەریم بنزیما و ئینگۆلۆ کانتێ وەک دوو ئەستێرەی گەورەی یانەی ئیتیحاد پاسپۆرتیان بۆ ئێمە ناردووە بۆ ئەوەی ڤیزایان بۆ وەربگرین، چاوەڕواندەکرێت بنزیما و کانتێ بەشداری یارییەکە بکەن". 
 
چەند رۆژێکە کار لە ئامادەکردنی یاریگای فرانسۆ هەریری دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو مەرجە نێودەوڵەتییەکانی تێدابن بۆ یارییەکە، یاریگەی هەندرێن لە شاری هەولێر وەک شوێنی راهێنانی یانە سعودییەکە دەبێت لە کاتی گەیشتنی بۆ شاری هەولێر. 
 
یانەی جەوییە لە کۆمەڵەی سێیەمی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا یاری لەگەڵ یانەکانی ئیتیحادی سعودی، سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی لەگەڵ ئۆلمالیکی ئۆزبەکستانی دەکات، جەوییە خاوەن 4 خاڵە لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە.