سەرۆکی بەرازیل بۆ نەیمار: بەچوونە ئاهەنگی شەوانە نابیتە خاوەن باڵۆن دۆر
رووداو دیجیتاڵ
نەیمار داسێلڤا، هێرشبەری یانەی هیلالی سعودی، لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەیەوە رووبەڕووی پلار و هێرشی ناڕاستەوخۆ بووەوە، بەبێئەوەی سەرۆکی وڵات ناوی ئەو بهێنێت.
لۆلا داسێلڤا، سەرۆکی بەرازیل لە پەیامێکدا لەبارەی بەدەستهێنانی هەشتەم باڵۆن دۆرەوە لەلایەن لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەڵێ، "مێسی نموونەی باڵای هەموو گەنجانە، هەر یاریزانێک بیەوێت باڵۆن دۆر بباتەوە، دەبێ هەمان شوێنپێیەکانی مێسی هەڵبگرێت".
مێسی شەوی دووشەممەی رابردوو لە پاریس جارێکی دیکە خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا و ئەوە هەشتەم باڵۆن دۆر بوو ئەو ئەفسانە ئەرجەنتینییە لە ژیانیدا بەدەستی بهێنێت.
نەیمار داسێلڤا کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعودیەوە کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەرازیل نەشتەرگەری لە ئەژنۆیدا ئەنجامدەدات، پاشئەوەی لە یاریی هەڵبژاردەی بەرازیل و ئۆرۆگوای لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو، تووشی پێکانێکی قورسبوو لە ئەژنۆیدا.
داسێلڤای سەرۆکی بەرازیل زیاتر دەڵێ، "دەبێ پیشەگەر بیت، کارەکە بەوە ناچێتەر سەر بچیتە ئاهەنگەکان و ژیانت لە ئامادەبوون لە گەشت و ئاهەنگگێڕاندا لەگەڵ هاوڕێکانت بەسەر ببەیت".
لەلای خۆیەوە، رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی گوتوویەتی قسەکانی سەرۆکی بەرازیل روو لە نەیمارە، کە لە ماوەی رابردوودا بەسازکردنی ئاهەنگێکی دیکەی گەورەی شەوانە، سەرنجەکانی بردووەتەوە سەر خۆی.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەستێرە بەرازیلییەکە، ئاهەنگێکی گەورەی لە کۆشکە تایبەتەکەی خۆی کە نزیکی ریۆ دی جانیرۆیە سازکردووە، وێنەکانی ئاهەنگەکە دزەیان پێکراوەتە سەر رووپەلی رۆژنامەکان و سۆشیال میدیای وڵات و دەنگدانەوە و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
نەک هەر سەرۆکی بەرازیل، بەڵکو برۆنا بیانکاردی، هاوژینی نەیمار بەهەمان شێوە بێئومێدبوونی خۆی لە هەڵسوکەوتەکانی نەیمار دەربڕیوە، ئەو لە سۆشیال میدیای خۆی نووسیوویەتی، "پێشبینی مەکە کەسێک بگۆڕێت، ئەگەر خۆی پێیوابێت هیچ کێشەیەک لە هەڵسوکەوتەکانیدا نییە".
نەیمار یەکەمجار نییە رووبەڕووی رەخنە و گلەیی کەسە نزیکەکانی خۆی ببێتەوە و ئاهەنگی گەورەی شەوانە دوور لە بەرپرسیارێتی ئەنجام بدات و پێشتر چەندینجار هەمان رووداو لە ژیانی ئەودا لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراوەتەوە.