ئیمیلیانۆ مارتینێز شوێنگرەوەی مێسی و رۆناڵدۆ دیاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتینی یانەی ئاستۆن ڤێلا لە لێدوانێکیدا ستایشی ئەستێرەیەك دەکات و دەڵێت ئەم یاریزانە شوێنی مێسی و رۆناڵدۆ دەگرێتەوە.
 
لە 67ـەمین رێورەسمی باڵۆن دۆردا، ئیمیلیانۆ مارتینێز توانی خەڵاتی یاشین بۆ باشترین گۆڵپارێزی وەرزی رابردوو بەدەستبێنێت دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین توانی نازناوی جامی جیهانی بباتەوە.
 
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان مارتینێز ستایشی کیلیان ئێمباپێی یاریزانی پاریس سانجێرمان دەکات و دەڵێت: من رێزێکی زۆرم بۆ ئێمباپێ هەیە و پێم وایە کاتێك مێسی و رۆناڵدۆ واز لە یاریکردن دێنن، ئەو جێی ئەوان دەگرێتەوە و چەندین باڵۆن دۆر بەدەست دێنێت.
 
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا خەڵاتی باڵۆن دۆر لەلایەن دوو جەمسەرەکەی تۆپی پێوە دەستی بەسەردا گیرابوو، کاتێك لیۆنێل مێسی توانی هەشت جار خەڵاتەکە بباتەوە و رۆناڵدۆی رکابەریشی پێنج جار خەڵاتەکەی بردووەتەوە. 
 
لە دوایین رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆردا، کیلیان ئێمباپێ لە پلەی سێیەمی بەربژێرەکان هات لە دوای هەریەکە لە ئێرلینگ هالاند و لیۆنێل مێسی. ئەستێرە فەرەنسییەکە توانیویەتی بە تەمەنێكی کەمەوە ئاستێکی سەرسوڕهێنەر پێشکەش بکات و بە پێی زۆرێك لە پێشبینییەکان یاریزانەکە لە داهاتوودا دەتوانێت خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.