ڤیدیۆ؛ تۆتێنهام بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش سەرکەوت، ناپۆلی دۆڕا و تۆپی پێی ئیسپانیاش شکا

02-11-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ‌چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی یارییەکانی گەڕی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەڕێوەچوون، هەشت یانە گەیشتنە قۆناخی 16 و چوار یانەش گەیشتنیان بە یۆرۆپالیگ بەتەواوی یەکلابووەوە.
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بووە یەکەم یانە لەم وەرزەدا لە یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بباتەوە، دوای ئەوەی لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا رووبەڕووی یانەکە بووەوە و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
یارییەکە لە ئانفێڵد بەڕێوەچوو، نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە نیوەی دووەمدا خاوەن یاریگە گوشاری خستە سەر گۆڵی تیپەکەی باشووری ئیتاڵیا، لە خولەکی 85 محەممەد سەڵاح گۆڵی یەکەمی بۆ رێدز تۆمارکرد، کە ئەمە گۆڵی حەوتەمی یاریزانەکە بوو لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا و لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەدایە.
 
یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، بەڵام داروین نونێز گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد، بەرلەوەی فیکەی کۆتایی لێبدرێت، بەمەش لیڤەرپوول یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
لیڤەرپوول پێویستبوو یارییەکە بە 4-0 بباتەوە بۆ ئەوەی پێشەنگی کۆمەڵەکە لە ناپۆلی وەربگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بەمەش ناپۆلی وەک پێشەنگی ریزبەند بە 15 خاڵ و لیڤەرپوولیش بەهەمان ژمارەی خاڵ وەک دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە گەیشتە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ.
 
لە یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیەدا، یانەی ئایاکس دووەم بردنەوەی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگەی 3-1 لە گلاسکۆ رێنجەرزی بردەوە و بە شەش وەک سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە بەشداری لە یۆرۆپالیگدا دەکات و کاروانی گلاسکۆ رێنجەرزیش کۆتاییهات.
 
 
دیمەنی یاریی لیڤەرپوول و ناپۆلی
 
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد و هەلی گەیشتن بە یۆرۆپالیگیشی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەرامبەر یانەی پۆرتۆ دۆڕا.
 
هەردوو یانە لە پۆرتوگال رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانە پۆرتوگالییەکە یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و تیپەکەی سیمیۆنیی لە ئاستی ئەوروپا دوورخستەوە.
 
گۆڵەکانی پۆرتۆی خاوەن یاریگە لە رێگەی هەریەکە مەهدی تاریمی هێرشبەری ئێرانی و ئانتۆنیس ئوستاکیۆی پۆرتوگالییەوە تۆمارکران، تاکە گۆڵەکەی رۆخی بلانکۆس لە دوایین خولەکدا بەهەڵە لەلایەن ئیڤان مارکانۆی بەرگریکاری پۆرتۆوە تۆمارکرا.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لەنێوان هەردوو یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی و کلەب برووجی بەلجیکی بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکان، پۆرتۆ وەک پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی دووەم بە 12 خاڵ و کلەب برووج وەک دووەم بە 11 خاڵ گەیشتنە قۆناخی 16، یانەی بایرلیڤەرکوزن بە 5 خاڵ چووە یۆرۆپالیگ و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
 
 
دیمەنی یاریی پۆرتۆ و ئاتلێتیکۆ مەدرید 
 
 
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی هێز و توانای خۆی دووپاتکردەوە و شەشەم بردنەوەی لەسەریەکی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە یانەی ئینتەرمیلانی بردەوە.
 
هەردوو یانە کە پێشتر سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16 یەکلاکردبووەوە، لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا رووبەڕووی یەکبوونەوە، بایرن میونشن یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
لە خولەکی 32 بێنیامین پاڤار بەلێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی باڤارییەکانی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم تەنیا ئەم گۆڵەی تێدا کرا، لەنیوەی دووەمدا لە خولەکی 72 چوپۆ مۆتینگ بایرن میونشنی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و بایرن یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
لە یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیەدا، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی کە لە گەڕی رابردوودا ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد و چووە یۆرۆپالیگ، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دوایین یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی ئەنجامدا و بە 4-2 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی بەدەستهێنا.
 
لەم کۆمەڵەیەدا، بایرن میونشن لە 6 یارییدا 6 بردنەوەی تۆمارکرد و بە 18 خاڵ وەک پێشەنگ گەیشتە قۆناخی داهاتوو، ئینتەرمیلان بە 10 خاڵ بە پلەی دووەم سەرکەوت و بارسێلۆناش چووە یۆرۆپالیگ و ڤیکتۆریا پڵزنیش دەستبەتاڵ ماڵئاوایی کرد.
 
دیمەنی یاریی بایرن میونشن و ئینتەرمیلان
 
 

لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی چوارەمدا و لە دوو یاریی یەکلاکەرەوەدا، تۆتێنهامی ئینگلیزی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی مارسیلیای فەرەنسی بەدەستهێنا و ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانیش لە سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالیی بردەوە.
 
بەر لەم دوو یارییە هیچ یانەیەک نەگەیشتبووە قۆناخی داهاتوو و هیچ یانەیەکیش بێهیوا نەبووبوو، بۆیە رکابەریکردن لەم کۆمەڵەیەدا لە ئاستی لووتکەدابوو.
 
مارسیلیای فەرەنسی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر تۆتێنهامی ئینگلیزی یارییکرد، یانە فەرەنسییەکە باشتر دەرکەوت، بەڵام ئەنجامەکە بۆ ئینگلیزییەکان بوو، سپێرز یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
یارییەکەی دیکەش بەهەمان ئەنجام لە بەرژەوەندی ئینتراخت فرانکفۆرت کۆتاییهات و یانە ئەڵمانییەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە سپۆرتینگ لیشبۆنەی بردەوە.
 
بەمەش تۆتێنهام وەک پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بە 11 خاڵ، ئینتراخت فرانکفۆرت وەک دووەم بە 10 خاڵ گەیشتنە قۆناخی 16 و سپۆرتینگ لیشبۆنەش بە 7 خاڵ و بە پلەی سێیەم چووە یۆرۆپالیگ، کاروانی یانەی مارسیلیاش کۆتاییهات.
 
دیمەنی یاریی مارسیلیا و تۆتێنهام
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە