پەیامی ئەگوێرۆ بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

02-11-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێرجیۆ ئەگوێرۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێرجیۆ ئەگوێرۆ، یاریزانی ئەرجەنتینی و یانەی بارسێلۆنا پەیامێکی لەبارەی بارودۆخی تەندروستی خۆی و دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان بۆ هاندەرانی یانەکەی نارد.
 
یانەی بارسێلۆنا دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، "ئەگوێرۆ لە سینگیدا هەست بە ئارامی ناکات، بۆیە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی یاریزانەکە لە یارییەکەدا گۆڕانکاریی پێکرا و بە ئازارەوە چووە دەرەوە." 
 
نەخۆشکەوتنی ئەگوێرۆ هەمووانی نیگەرانکرد و ترسی لەلای هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا دروستکرد، یانە کەتەلۆنییەکەش رایگەیاند، بەو هۆیەوە ئەگوێر بۆ ماوەی 3 مانگ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و گەڕانەوەشی بەندە بە قۆناخی وەرگرتنی چارەسەرییەکانی.
 
لەلایەن خۆیەوە ئەگوێرۆ لە پەیامێکدا لەرێگەی تویتەرەوە بە هاندەرانی گوت " مەن لە بارودۆخێکی باشدام، بارودۆخی دەروونیم زۆرباشە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قۆناخی وەرگرتنی چارەسەر."
 
یاریزانە ئەرجەنتییەکە زیاتر دەڵێت " زۆر سوپاسی هەمووان دەکەم، بۆ ئەو پەیامانەی بۆ پاڵپشتی منتان ناردووە و ئەوە لێدانەکانی دڵم بەهێزتردەکات."
 
یانەی بارسێلۆنا لە راگەیێندراوەکەیدا نووسیوویەتی " جۆزێپ پرۆگادای پزیشک سەرپەرشتی قۆناخەکانی چارەسەرکردنی ئەگوێرۆ دەکات و چاودێریی یاریزانەکە دەکات."
 
سێرجیۆ ئەگوێرۆ تەنیا سێ یاریی لەم وەرزەی لالیگادا بۆ بارسێلۆنا ئەنجامداوە، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە، ئەویش بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بوو لە کلاسیکۆدا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە