میلیتاو تووشی کۆرۆنا بوو

رووداو دیجیتال

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەفەرمی تووشبوونی بەرگریکارە بەرازیلییەکەی، ئیدێر میلیتاوی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

چەند کاژێرێک بەر لە یارییە گرنگەکەی بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلانی ئیتالی لە چامپیۆنزلیگدا، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رایگەیاند "میلیتاو تووشی کۆرۆنا بووە و بەپێی پرۆتۆکۆلی تەندروستی کەرەنتینە دەکرێت".

ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، رایگەیاند "ئەنجامی پشکنینی میلیتاو پۆزەتیڤ دەرچووە، بەڵام هەموو یاریزانانی دیکەی یانەکەمان ئەنجامی پشکنینیان نێگەتیڤە".

لەو بڵاوکراوەیەدا هەروەها هاتووە "ئەمڕۆ یەکشەممە پشکنین دووبارە بۆ سەرجەم یاریزان، کارمەند و دەستەی راهێنەرایەتی کراوە و تەنیا ئەنجامی میلیتاو نێگەتیڤە".

تووشبوونی میلیتاو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتێکدایە کە یانەی ریال مەدرید سبەی یارییەکی زۆر گرنگی بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتالی لە چامپیۆنزلیگدا هەیە و زینەدین زیدانی راهێنەر لە هێڵی بەرگریدا رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە، چونکە کارفاخال و ڤاسکێزیش تووشی پێکان بوونە.