دایكی رۆناڵدۆ: له‌ باڵۆن دۆر سته‌م له‌ كوڕه‌كه‌م ده‌كرێت

02-11-2019
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن باڵۆن دۆر كریستیانۆ رۆناڵدۆ دۆلۆرێس ئه‌ڤێرۆ
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

دۆلۆرێس ئه‌ڤێرۆ، دایكی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پۆرتوگالی هێرشێكی تووند ده‌كاته‌ سه‌ر فیفا و ده‌سته‌ڵاتدارانی تۆپی پێ له‌ جیهاندا و به‌وه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كات كه‌ له‌ به‌خشینی خه‌ڵاته‌ تاكه‌كه‌سییه‌كاندا سته‌میان له‌ كوڕه‌كه‌ی كردووه‌.

ئه‌ڤێرۆ، قسه‌ی بۆ كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنیی پۆرتوگالی كردووه‌ و رۆژنامه‌ی ماركاش بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت "مافیاكان ناهێڵن رۆناڵدۆ ژماره‌یه‌كی زیاتری باڵۆن دۆر بباته‌وه‌".

دایكی رۆناڵدۆ گوتی "ئه‌گه‌ر مافیاكانی تۆپی پێ نه‌بوونایه‌، رۆناڵدۆ ژماره‌یه‌كی زیاتر باڵۆن دۆری ده‌برده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان رێگه‌ ناده‌ن خه‌ڵات و ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ستبهێنێت".

دایكی كریس هه‌روه‌ها گوتی "ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌م ئیسپانی یان ئینگلیزی بووایه‌ بێگومان خه‌ڵات و باڵۆن دۆری زیاتری ده‌برده‌وه‌، به‌ڵام چیده‌كه‌ی كه‌ ئه‌و پۆرتوگالییه‌ و خه‌ڵكی مادێرایه‌".

دۆلۆرێس ئه‌ڤێرۆ، كه‌ كوڕه‌كه‌ی زۆر خۆش ده‌وێت و له‌ زۆربه‌ی بۆنه‌كانی خه‌ڵات به‌خشین به‌ رۆناڵدۆ ئاماده‌ ده‌بێت، له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا راشكاوانه‌ ره‌خنه‌ی له‌ فیفا و لایه‌نه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كانی تۆپی پێی جیهانی گرت و گوتی "ئه‌وان به‌ ئاشكرا سته‌م له‌ كوڕه‌كه‌م ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر رۆناڵدۆ پۆرتوگالی نه‌بووایه‌ بێگومان خه‌ڵاتی زیاتریان پێده‌دا و ئێستا خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زیاتری باڵۆن دۆر ده‌بوو".

دایكی كریس، پێیوایه‌ رۆناڵدۆ شایه‌نی ژماره‌یه‌كی زیاتری باڵۆن دۆر و خه‌ڵاته‌كانی دیكه‌ بووه‌، به‌ڵام بووه‌ته‌ قوربانی مافیاكانی تۆپی پێ، كه‌ به‌ قسه‌ی خۆی ده‌ستیان به‌سه‌ر تۆپی پێی جیهاندا گرتووه‌.

ئه‌م قسانه‌ی ئه‌ڤێرۆ له‌ كاتێكدان كه‌ دوای مانگێكی دیكه‌، گۆڤاری فرانس فۆتبولی فه‌ره‌نسی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی 2019 ده‌به‌خشێت، كه‌ ئه‌مساڵ كریس هه‌ردوو خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ئه‌وروپا و زه‌بێستی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڤێرجیل ڤان دایك و لیۆنێل مێسی له‌ده‌ستداوه‌.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە