بەهۆی مێسییەوە ئەگەری هەیە ریکێلمی دوو یاری بۆ وازهێنانەکەی رێکبخات

02-11-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مێسی ریکێلمی
A+ A-

رووداو - هەولێر

خوان رۆمان ریکێلمی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و پێشووی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و بۆکا جونیۆرز ئەگەری هەیە دووەم یاری لەپێناو بەشداریکردنی لیۆنێل مێسی بۆ وازهێنانەکەی رێکبخات.

رۆژی 12ـی مانگی داهاتوو تیپی بۆکا جونیۆرز و پاڵەوانانی کۆپا لیبەرتادۆرێسی 2000 و 2007، بەبۆنەی وازهێنانی ریکێلمی لەسەر یاریگەی لا بومبونێرا یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدەن.

بۆ ئەو یارییە لیۆنێل مێسی بانگهێشتکراوە، بەڵام داوای لێبوردنی کردووە و بەهۆی یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال سۆسیداد ناتوانێت ئامادەبێت.

رۆژنامەی ئۆلێی ئەرجەنتینی دەڵێت، ریکێلمی لەگەڵ بەرپرسانی بۆکا لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی لە پێناو بەشدارییکردنی مێسی، یارییەکی دیکە لە پشووی سەری ساڵدا رێکبخەن.

ریکێلمی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندووە، مێسی داوایکردووە کاتێک بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە دابنێت کە یارییان نەبێت.

ئەو ئەستێرەیەی تانگۆ هیوای خواست مێسی بەدرێسی بۆکاوە ببینێت، بۆیە ئەگەری هەیە یارییەکی دیکە لەپێناو بەشدارییکردنی لیۆ رێکبخات.

لیۆنێل مێسی و ریکێلمی پەیوەندییەکی باشیان هەیە و هاوڕێی نزیکی یەکدین، بەو هۆیەشەوە مێسی پێشتر رایگەیاندبوو زۆر دڵخۆش دەبێت بە بەشدارییکردن لە یاری وازهێنانی ئەو یاریزانەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە