ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە ریزەکانی

رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، هەواڵێکی دڵخۆشکەر بە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا رادەگەینێت و دەڵێت "ئەگەری هەیە ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی یانەکە بگەڕێتەوە ریزەکانی".
 
خواکین پیێرای رۆژنامەڤان لە رۆژنامەی سپۆرت، دەڵێت ئەگەری هەیە خوان لاپۆرتا نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی بگەڕێنێتەوە بارسێلۆنا، دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی.
 
ئەو دەڵێت "لەوانەیە هیچ یاریزانێک لە جیهاندا لە نەیمار باشتر نەبێت لە رووی میدیاییەوە، ئەوەش لە سانتۆسەوە دەستیپێکردووە تاوەکو ئەوکاتەی ئێستا لەگەڵ هیلال".
 
ئەو رۆژنامەڤانە، باس لەوە دەکات کە دەکرێت خوان لاپۆرتا پەنا بباتەوە بەر نەیمار لەپێناو بەرژەوەندی یانەکەی و دەڵێت "لە یەکی مانگی یەکدا، شەش مانگ دەمێنێت بۆ تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی نەیمار لەگەڵ هیلال و دەچێتە قۆناخی ئازادەوە، لە بەرازیلیش باس لە خواستی گەڕانەوەی نەیمار بۆ ئەوروپا دەکەن بۆ ماوەی ساڵێک بەمەبەستی ئامادەکارییەکی باش بۆ مۆندیالی 2026، کە لەوانەیە دواجاربێت لە ژیانی پیشەییدا".
 
رۆژنامەڤانەکەی سپۆرت، زیاتر دەڵێت "لاپۆرتا بەدوای گرێبەستێکی گەورەی میدیاییدا دەگەڕێت کە هاوکات بێت لەگەڵ کردنەوەی کامپ نوی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، کە بێگومان هالاند خواستراوترە لە نەیمار، بەڵام یاریزانە بەرازیلییەکە چارەسەرێکی کاتی دەبێت، بەو پێیەی گرێبەستکردن لەگەڵ هالاند لەم بارودۆخەی یانەکەدا نزیکە لە مەحاڵ".
 
وەک خواکین باسی دەکات، لاپۆرتا دەکرێت سوود لە پینی زەهاوی، بەڕێوەبەری کاری بەنێوبانگ، وەربگرێت کە بەڕێوەبەری کارەکانی هانزی فلیک و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییە، و هەرخۆی گرێبەستی نەیماری لەگەڵ پاریس رێکخست لە بەرامبەر وەرگرتنی 10.7 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشت.