ئەستێرەیەکی مانچێستەر سیتی بەهۆی دزینی مۆبایلەوە دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی مەدرید، یەکێک لە یاریزانانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەتۆمەتی دزی دەستگیرکردووە.
 
رۆژنامەی 'ئێل مۆندۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پۆلیسی مەدرید، ماتیۆس نونێزی یاریزانی مانچێستەر سیتی بەتۆمەتی دزینی مۆبایلێک لە مەدرید لە شەوی هەشتی مانگی نۆی ئەمساڵدا دەستگیرکردووە.
 
راپۆرتەکە دەڵێ، دەستگیرکردنی یاریزانەکە لە یانەی 'لا ریڤیێرا' بووە لە مەدرید لە دەوروبەری کاژێر 5:30ی بەرەبەیاندا، ئەمەش پاشئەوەی لەگەڵ پیاوێک لە یانەکە بووەتە دەمەقاڵەی.
 
سەرچاوەکان دەڵێن پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ، ویستویەتی بەمۆبایلەکەی وێنەی یاریزانەکەی مانچێستەر سیتی بگرێت، ئەویش بەو کارە تووڕە بووە و دەستیگرتووە بەسەر مۆبایلەکەدا و رازینەبووە بیداتەوە.
 
پیاوە خاوەن مۆبایلەکە هەوڵیداوە، یاریزانەکە رازی بکات بەوەی مۆبایلەکەی بداتەوە، بەڵام ئەو تووڕەبووە و رەتیکردووەتەوە بۆی بگێڕێتەوە، هەر بۆیە کاتێک پۆلیس گەیشتوونەتە یانەکە، پیاوەکە، ماتیۆس نونێزی بەدزینی مۆبایلەکەی تۆمەتبارکردووە.
 
سەرچاوەکان گوتویانە، یاریزانەکەی پێشووی ولڤیرهامتن، بەدەستبەستراوی لەلایەن پۆلیسەوە براوەتە بنکەی ئێرگانزوێلا بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.
 
لەدوای چەند کاژێرێک لە مانەوە لە بنکەی پۆلیس، یاریزانەکە پاش بانگکردنی پارێزەر ئازادکراوە، بەڵام دۆسێیەکەی رەوانەی دادگا کراوە و رووبەڕووی تۆمەتی جیاواز کراوەتەوە.
 
ماتیۆ نونێز تەمەنی 26 ساڵە، یاریزانی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی پۆرتوگالە.
 
نونێز ئەمساڵ لە شەش یاریی یانەکەیدا بەشدارییکردووە. لە کۆی 227 خولەک یارییکردن، گۆڵێکی تۆمارکردووە و ئەسیستێکی هەیە.
 

ئەمە لە کاتێکدایە کە یانەی مانچێستەر سیتی بەفەرمی رەتیکردووەتەوە کە هیچ یاریزانێکی لە مەدرید دەست بەسەر کرابێت.