تایبەت بە رووداو.. لە دهۆکەوە بۆ یانەیەکی دێرینی ئەڵمانیا

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عەبدولرەحمان یونس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەیەکی دێرینی ئەڵمانیا، گرێبەست لەگەڵ مێردمنداڵێکی کورد دەکات و دەیەوێت بیکاتە یاریزانێکی بەنێوبانگ و لە داهاتووشدا ببێتە یاریزانێکی دیار لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەورووپا.
 
عەبدولرەحمان یونس عەلی، تەمەنی 7 ساڵە و لە دایکبووی ئەڵمانیایە، لە 2009ـەوە ماڵباتەکەی لە میونشن لە ئەڵمانیا دەژین و بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ئنتەرهاشینگی ئەڵمانییەوە کرد و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵە.
 
یونس عەلی، باوکی یاریزانەکە لە میونشنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یانەی ئنتەرهاشینگ بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ کوڕەکەم کردووە و ئێستا لە تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەکەدا عەبدولرەحمان یاریزانێکی دیارە و گرنگییەکی زۆریشی لەلایەن یانە ئەڵمانییەکەوە پێدەدرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە یاریزانێکی ئاستبەرز."


باوکی منداڵە کوردەکە دەڵێت "لە تەمەنی 3 ساڵییەوە عەبدولرەحمان چووەتە نێو دونیای تۆپی پێ و سەرەتا لە بەشی ئیتاڵی، ئەکادیمیای یانەی بایرن میونشن بوو بۆ ئەوەی لە رووی بەرگرییەوە بەرەوپێشەوە بچێت و ئێستاش لە تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی ئنتەرهاشینگ یاری دەکات."
 
یونس لەبارەی کوڕەکەیەوە زیاتر گوتی "عەبدولرەحمان زۆر سەرسامی رۆدریگۆی یاریزانی یانەی ریال مەدریدە و لە هەمان شوێنی یارییکردنی ئەویش یاری دەکات، هەر بەهۆی خۆشەویستی ئەوەوە بۆ یاریزانە بەرازیلییەکە، هاوڕێکانی بە رۆدریگۆ بانگی دەکەن."

 
عەبدولرەحمان جگە لەوەی لە تیپی تازەپێگەیشتووانی یانە ئەڵمانییەکە یاری دەکات، لە یارییەکانی تیپی یەکەمی یانەکەشدا ئامادەدەبێت بۆ ئەوەی تۆپ بداتەوە یاریزانەکان.
 
عەبدولرەحمان یونس، کاتێک لە تیپی ئەکادیمیای بایرن میونشن بوو، بەدرێسی ژمارە 9 یاریی دەکرد، ئێستا درێسی ژمارە 7 دەپۆشێت و دەیەوێت ببێتە یاریزانێکی دیار لەسەر ئاستی ئەڵمانیا.

 
یانەی ئنتەرهاشینگ، یانەیەکی ئەڵمانییە لە هەرێمی باڤاریا، لە 1925 یانەکە دامەزراوە و ئێستا تەمەنی 99 ساڵە.
 
ئنتەرهاشینگ ئێستا لە خولی پلە سێی ئەڵمانیا یاری دەکات، ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار بەشداریی لە رکابەرییەکانی بوندێسلیگادا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە