ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بۆ یەکەمجار بەرامبەر لیل یاری دەکات و ئێمباپێ ئامادەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بە ئامانجی بردنەوەی دووەم لەسەریەک لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، بۆ یەکەمجار بەرامبەر یانەی لیلی فەرەنسی یاری دەکات.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی لیلی فەرەنسی، ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید جێگەی دڵخۆشییە، ئەوەیە کیلیان ئێمباپێ بەر لە وادەی راگەیێنراوی خۆی لە پێکان گەڕایەوە و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.
 
کیلیان لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا بۆ یارییەکە، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقەکاندا کردووە و ئەگەری هەیە ئەمشەو یاری بکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی گەڕانەوەی ئێمباپێ گوتی "ئێمباپێ بەشێوەیەکی زۆرباش و خێرا چاکبووەوە، سەرەتا بەتەنیا مەشقی کرد، پێویستی بەوە نەبوو ماوەیەکی زۆر دووربکەوێتەوە، لە هەمان کاتدا تواناکەی لەدەست نەداوە، ئەو تاوەکو کۆتایی لە مەشقەکاندا لەگەڵمان بووە و بڕیاری دروست دەدەین، بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی مەترسی نەخەینە سەری."
 
ریال مەدرید مێژوویەکی گەشی بەرامبەر یانەکانی فەرەنسا هەیە، بەگشتی یانە ئیسپانییەکە 34 یاریی بەرامبەر یانەکانی فەرەنسا ئەنجامداوە، 19 یاریی بردووەتەوە، لە 8 یارییدا دۆڕاوە و 7 جار یەکسانبووە، بەڵام هەرگیز بەرامبەر لیل یاریی نەکردووە.
 
لە بەرامبەردا یانەی لیلی فەرەنسی، بەرامبەر یانە ئیسپانییەکان مێژوویەکی خراپی هەیە، یانەکە 15 جار رووبەڕووی یانەکانی ئیسپانیا بووەتەوە، تەنیا 3 بردنەوەی هەیە، لە 6 یارییدا دۆڕاوە و 6 جاریش یەکسانبووە، ئەمشەو یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە یەکەم یاریی بەرامبەر ریال مەدرید تێبپەڕێنێت.

 
یارییەکەی ئەمشەو بۆ کیلیان ئێمباپێ تایبەتە، بەوپێیەی جارێکی دیکە بەرامبەر ئەو یانەیە یاری دەکات، کە پێشتر بەدرێسی مۆناکۆ و پاریس سانجێرمانەوە چەندجارێک رووبەڕوویان بووەتەوە.
 
کیلیان بەشێوەیەکی گشتی 14 یاریی بەرامبەر یانەی لیل ئەنجامداوە، لە 9 یارییدا بردنەوەیان تۆمارکردووە، لە 2 یارییدا یەکسانبوون و 3 یاریی دۆڕاندووە.
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە بەرامبەر یانەی لیل خاوەنی 9 گۆڵ و 6 ئاسیستە و ئەمشەو دەیەوێت بەدرێسی ریال مەدریدەوە درێژە بە ئاستبەرزەکەی بدات بەرامبەر ئەو یانەیە.


 
ریال مەدرید لە یاریی یەکەمیدا لە چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتنی بەرامبەر شتوتگارتی ئەڵمانی بەدەستهێناوە، لیل لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی دۆڕاوە.