تۆنی کرووس هۆکاری وازهێنانی لە یاریکردن ئاشکراکرد

رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، هۆکارەکانی وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن ئاشکرا دەکات. هەروەها باسی ئەو شتە دەکات کە لە تۆپی پێدا رقی لێیەتی.
 
تۆنی کرووسی ئەڵمانی، هۆکاری وازهێنانی لە یاریکردن ئاشکرا دەکات، هەرچەندە هێشتا تەمەنی 34 ساڵە.
 
کرووس مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لەگەڵ یانەی ریال مەدرید وازهێنانی خۆی راگەیاند، لە مانگی تەممووزدا کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هێنا، دوای ئەوەی ماڵئاوایی لە یۆرۆی 2024 کرد، کە دوایین یاریی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی یۆرۆ، لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا ئەنجامدا.
 
تۆنی کرووس، لە سەرەتای هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، گوتی "هەمیشە حەزم دەکرد لە ئاستێکی بەرزدا کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆم بهێنم، لەگەڵ زۆر لە یاریزانە گەورەکان یاریم کرد، بەڵام کەمێکیان توانیان ئەو کارە بکەن، هێشتا گۆڕانکاری لێرە و لەوێ هەیە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "ماندووبوون بەهۆی گەشتە بەردەوامەکان و دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەم بەدرێژایی ساڵان وایانلێکردم بڕیاری وازهێنان بدەم، کە لەوانەیە دوای پێنج ساڵ بڵێم زۆر زوو بووە، بەڵام ئێستا هەست بەباشی دەکەم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەستێرە ئەڵمانییەکە، گوتی "لە مانگی ئابدا بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا چوومە پشوو، ئێستاش کە منداڵەکان دەبەم بۆ قوتابخانە، دوای ئەوە بە ئۆتۆمبێل دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە نەک بۆ مەشق و راهێنان".
 
کرووس دانی بەوەدانا کە سەردانی ڤاڵدێبیباس دەکات 'ناوەندی مەشقەکانی ریال مەدرید' بۆ بینینی هاوڕێکانی پێشووی، هەرچەندە خۆی وەک بەشێک لە تیپی یانەکە نابینێت.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، کرووس گوتی "ئێستا مەترسی ئەوە هەیە کارلۆ ئەنچیلۆتی پێم بڵێت لێرە بمێنەرەوە، حەزناکەم مەشق بە گەورەکان بدەم، ئەکادیمیایەکی لاوان لە مەدرید دەکەمەوە، بۆیە دەبێت باوەڕیان بەوە هەبێت کاتێک یارییان لەگەڵ دەکەم".
 
سەبارەت بە هۆکاری سەرکەوتنەکانی ریال مەدرید؟ تۆنی گوتی "هەمیشە زۆر زیرەکانە ئەو کارەمان کردووە، هەمیشە دەبوو یاریزانی کوالیتی بەرز بگوازینەوە، بەڵام دواتر دەستمان کرد بە پشتبەستن بە یاریزانە گەنجەکان".
 
کاتێک پرسیار لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە لێکرا؟ ئەو گوتی "یەکەم کەس دەگەیشتە مەشق و راهێنانەکان و دوایین کەس بوو کە دەڕۆیشتەوە".
 
لە کۆتاییدا، یاریزانە ئەڵمانییەکە، گوتی "هەموومان دەمانەوێت نازناوەکان بەدەستبهێنین و گۆڵ تۆماربکەین، بەڵام بۆ ئەو تۆمارکردنی گۆڵ ئاڵوودەبوونێکی ئەرێنی بوو، دەتوانم بڵێم ئەمە ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت لە سعودییەش بیکات".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە حەزت لە چی نییە لە تۆپی پێدا؟ کرووس گوتی "بەڕای من لە تۆپی پێدا خەڵاتی تاکەکەسی هیچ پێویست نییە، بەبێ تیپ هیچ یاریزانێک هیچ نابێت".