وردەکارییەکانی گرێبەستی چیزنی لەگەڵ بارسێلۆنا

02-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤۆیچیک چیزنی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا، بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ڤۆیچیک چیزنی، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی پۆڵەندی راگەیاند.
 
بارسێلۆنا لەسەر لاپەرە فەرمییەکانی گرێبەستکردنی لەگەڵ گۆڵپارێزەکە راگەیاند، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت و بێبەرامبەر پەیوەندی بە بلاوگراناوە دەکات.
 
بارسێلۆنا وێنەیەکی چیزنی و خوان لاپۆرتای بڵاوکردووەتەوە، کە لە دوای واژۆکردنی گرێبەستی نێوان هەردوولادا گیراوە و بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە دەردەکەون.
 
شەوی سێشەممە، چیزنی لە یاریگەی مۆنچۆیک ئامادەبوو بۆ سەیرکردنی یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر یەنگ بۆیز، کە یانە نوێیەکەی بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
مانگی 8ـی ئەمساڵ چیزنی، بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا، بەڵام دوای ئەوەی ئاندرێ تێرشتیگن، تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە تاوەکو کۆتایی وەرز ناگەڕێتەوە، بارسێلۆنا بە هەوڵی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، توانیی ئەو گۆڵپارێزە پۆڵەندییە پەشیمان بکاتەوە و رازی بوو پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، چیزنی گرێبەستەکەی بژاردەی نوێکردنەوەی لەگەڵ نییە و مووچەکەشی زۆر کەمترە لەو مووچەیەی لە یوڤێنتوس وەریدەگرت، لەکاتێکدا لە یانە ئیتاڵییەکە لە ساڵێکدا 12 ملیۆن یۆرۆ مووچەکەی بوو.
 
چیزنی تەمەنی 34 ساڵە، لە کاروانی یارییکردنیدا یاریی بۆ یانەکانی ئارسیناڵ، برێنتفۆرد، رۆما و یوڤێنتوس کردووە و ماوەی 15 ساڵیش گۆڵپارێزی یەکەمی هەڵبژاردەی پۆڵەندا بووە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە