یانەی ئیتیحادی سعودی ئامادە نەبوو لە ژێر پەیکەری قاسم سولەیمانی یاری بکات

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاربوو کاژێر 17:00ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە کاتی هەولێر یاریی نێوان ئیتحادی سعودی و سپاهانی ئێران بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند خولەکێک پێش دەستپێکی یارییەکە، سەرباری ئامادەبوونی یانەی سپاهان لەنێو یاریگاکەدا، یانەی ئیتحاد یاریگایان بەجێهێشت. بەشێک لە میدیاکانی ئێرانیش دانانی پەیکەری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەو یاریگایە بە هۆکاری هەڵوێستەکەی ئیتیحاد دەزانن.
 
یاریگای نەخشی جیهانی ئیسفەهان پڕ بوو لە هاندەر، بەڵام 20 خولەک پێش دەستپێکی یارییەکە، یانەی ئیتحاد بڕیاری جێهێشتنی یاریگاکەی دا، رۆژنامەی ئیعتمادی ئێرانی هۆکاری کشانەوەی یانەی ئیتیحاد بۆ هەبوونی پەیکەرێکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەگەڕێنێتەوە.
 
ئەو رۆژنامە ئێرانییە نووسیویەتی: "یاریزانانی ئیتیحاد لەسەر داوای بەرپرسانی یانەکەیان، نیو کاژێر یارییەکەیان دواخست و دوای نیو کاژێرەکەش، بڕیاریاندا یارییەکە نەکەن و راستەوخۆ یاریگایان جێهێشت."
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئیعتماد، "دانانی پەیکەری قاسم سولەیمانی لە یاریگای نەخشی جیهانی ئیسفەهان بووەتە هۆکاری ئەوەی یانەی ئیتحاد بڕیاری کشانەوە لەو یارییە بدەن."
 
پەیکەری قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2019 لە یاریگای نەخشی جیهانی ئیسفەهان دانراوە و میدیای فەرمی ئێران دەڵێت: "دوێنێ کە یانەی ئیتحاد لەو یاریگایەدا راهێنانیان کردووە، ئەو پەیکەرە هەر لەوێ بووە، بۆیە پێدەچێت بڕیارەکە لەلایەن بەرپرسانی باڵای یانەکەوە درابێت". 
 
یارییەکە لە چوارچێوەی خولی یانەکانی ئاسیا بەڕێوەدەچوو؛ یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیاش لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە رایگەیاندووە: "یاریی نێوان یانەی ئیتحادی سعودی و سپاهانی ئێران، کە بڕیار بوو لە یاریگەی نەخشی جیهانی ئیسفەهان بکرێت، بەهۆی دۆخێکی پێشبینی نەکراوەوە، هەڵوەشایەوە." یەکێتییەکە دەشڵێت: "بابەتەکە ئاراستەی لیژنەی تایبەت کراوە."