ڤیدیۆ؛ یەنیەن بەرلین و دۆرتموند دۆڕان و فرایبۆرگیش بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد

02-10-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بوندێسلیگا
بوندێسلیگا
نیشانەکردن بوندێسلیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی یەنیەن بەرلین بۆ یەکەمجار لەم وەرزەی بوندێسلیگادا تووشی شکستبوو و بەرامبەر ئینتراخت فرانفکۆرت سێ خاڵی لەدەستدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە مایەوە.
 
دوای 12 خولەک یارییکردن ماریۆ گۆتزە گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئینتراخت فرانکفۆرت تۆمارکرد.
 
دوای ئەم گۆڵە گوشارەکانی خاوەن یاریگە بۆ سەر گۆڵی پێشەنگی ریزبەند بەردەوامبووان لوکا پێلێگرینی تۆپێکی لە ستووندا.
 
لە خولەکی 42 یاسپەر لیندستروم بەهەوڵێکی تاکەکەسی گۆڵێکی جوانی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و ئینتراختی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
هەرچەند لە خولەکی 68 راندال کولۆ موانی لە ئینتراخت فرانکفۆرت کارتی سووری وەرگرت، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی بەسەر ئەنجامی یارییەکەوە نەبوو و ئینتراخت فرانفکۆرت یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و یەنیەن بەرلین بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا دۆڕا.
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند هەلی گەیشتن بە پێشەنگی ریزبەندی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەرامبەر یانەی کۆلن دۆڕا، لەو یارییەدا کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامیدا.
 
یانەی میوان سەرەتا لە رێگەی یولیان برانتەوە پێشکەوت، کاتێک لە خولەکی 31 گۆڵێکی بە ئاسیستی جودی بیلینگهام تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بۆ دۆرتموند بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا لە خولەکی 53 فلۆریان کاینز ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
دوای تەنیا سێ خولەک لەو گۆڵە ستیڤن تێگێس بەلێدانی سەر گۆڵی دووەمی کۆلنی تۆمارکرد.
 
دیان لوبیسیچ لەسەر هێڵی سزا لێدانێکی ئاراستەی گۆڵکرد و کۆلنی کردە خاوەنی سێ گۆڵ.
 
پاشان بێنۆ شمیتز گۆڵێکی بەهەڵە بۆ دۆرتموند لە خۆیان کردەوە و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بۆ خاوەن یاریگە مایەوە و دۆرتموند سێیەم یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاند.
 
یانەی فرایبۆرگ لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و خاڵەکانی لەگەڵ یەنیەن بەرلینی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە یەکسانکردەوە، کاتێک لە ماینزی بردەوە.
 
میکایل گریگۆریچ دوای تەنیا سێ خولەک بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوە یاریگە تۆمارکرد.
 
دانیێل کۆفی لە خولەکی 37 گۆڵێکی دیکەی بۆ فرایبۆرگ تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانەکە کۆتاییهات.
 
دوای 7 خولەک لە دەستپێکردنی نیوەی دووەم ئارۆن مارتن، ئەنجامەکەی بۆ ماینز کەمکردەوە، بەڵام دوای ئەو گۆڵە هەوڵەکانیان بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە شکستیانهێنا و فرایبۆرگ پێنجەم بردنەوەی لەم وەرزەدا تۆمارکرد و بەهەمان ژمارەی خاڵ لەگەڵ یەنیەن بەرلینی پێشەنگ و بەجیاوازیی گۆڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی بوندێسلیگایە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە